ئەپڵ 12, نیسان 2020

ئەپی نەخشەیی Apple Maps بەم نزیکانە شوێنی تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر نەخشە نیشان دەدات

بە مەبەستی یارمەتیدان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەپڵ بەم نزیکانە لە ئەپی نەخشەیی Apple Maps ئەو شوێنانە نیشان دەدات کە تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا ئەنجام دەدرێن.

ئەپڵ پەڕەیەکی تایبەت بە نەخۆشخانە، کارمەندە تەندرووستییەکان و بازرگانە تەندرووستییەکان بەردەستکرد تاوەکو لە ڕێگەیەوە ئەو نەخۆشخانە و بنکە تەندرووستییانە دیاری بکەن و بۆ ئەپڵی بنێرن کە تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنایان تێدا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی لەسەر نەخشەی ئەپی Apple Maps بەدیار بکەون. ئەپڵ پێداچوونەوە بە شوێنە نێردراوەکان دەکات و هەرکات قبوڵ کرا، لە ئەپی Apple Maps ـدا بەدیار دەکەون.

شوێنی تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر نەخشەی Apple Maps بە وێنۆچکەیەکی تەندرووستی سوور دەبێت و خاوەن پەڕەی زانیاری تایبەت دەبێت لە کاتی کرتە کردن لێی.

بۆ چۆنیەتی پڕکردنەوەی زانیارییەکان و ناردنی شوێنی تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر نەخشەی Apple Maps، پێویستە سەرەتا کرتە لێرە بکەیت بۆ کردنەوەی پەڕەی تایبەتی ئەپڵ، پاشان لە خوار خاڵی یەکەمی پەڕەکە دوگمەیەکی شین هەیە بۆ داگرتنی پەڕگەیەکی تایبەت، پەڕەکە لە جۆری csv ـە (بە ئەپەکانی Microsoft Excel و Apple Numbers دەکرێتەوە) و پێویستە تێیدا زانیارییە تایبەتەکانی وەک لایەنی نێردراو و ناوی شوێنەکە و ناونیشانی تەواوی شوێنە و زیاتر پڕ بکەیتەوە. لە پاشان پێویستە پەڕگەکە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بۆ ئەپڵ بنێریت، کە لە ماڵپەڕەکەی ئەپڵدا و لە خاڵی سێیەمدا لە ڕێگەی دوگمەی “Email Apple” ئەمە ئەنجام دەدرێت.

تکایە ئەگەر کەسێکی باڵا لە کەرتە تەندرووستییەکانی لە کوردستان دەناسیت، با لە ڕێگەی ئیمەیڵی [email protected] ـەوە ئاگادارمان بکاتەوە تاوەکو هاوکاریان بین بۆ زیادکردنی شوێنی تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر نەخشەی شارەکانی کوردستان لە Apple Maps.

بۆچونی تۆ