سامسۆنگ 5, ئاب 2020

سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Fold 2 ـی نمایشکرد

لە پاڵ نمایشکردنی مۆبایلەکانی Galaxy Note 20 و Galaxy Note 20 Ultra ـدا، کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Fold 2 ـیشی نمایشکرد. مۆبایلی Galaxy Z Fold 2 نەوەیەکی نوێیە لە مۆبایلی چەماوەیی پار ساڵی Galaxy Z Fold بە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەتر، سیستەمی کامێرای باشتر و کامێرا لەسەر چاڵی ژێر ڕوونماوە.

مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Fold 2 خاوەن دیزاینێکی قەشەنگە و لە پشتەوە ڕێک هاوشێوەی Galaxy Note 20 Ultra ـیە. وە ئەمجارە لە بری هەبوونی ڕوونمایەکی بچکۆلە و ناشترین لە پشتەوە، خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕی 6.2 ئینجییە. ڕوونما سەرەکییەکەشی چەماوەییە و قەبارەی لە 7.3 ئینج زیاد کراوە بۆ 7.6 ئینج.

لە پشتەوە خاوەن سێ دانە کامێرای ئاست بەرزە. ڕوونییەکانیان ئاشکرا نەکراون، بەڵام پێدەچێت خاوەن هەمان ڕوونی مۆبایلی Galaxy Note 20 Ultra ببن.

شوێنی کامێراکەشی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و گواستراوەتەوە سەر چاڵی ژێر ڕوونماکەی بەشی پشتەوەی. وا دیارە جوڵێنەری ڕوونماکەشی لە پشتەوە دیزاین کراوەتەوە و ئێستا زۆر جوانتر دەردەکەوێت.

مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Z Fold 2 بە ڕەنگەکانی ڕەش و برۆنزی و ڕەش بەردەست دەکرێت. هیچکام لە نرخ، ڕێکەوتی بەردەستکردن، تەنانەت تایبەتمەندییەکانی وەک پڕۆسێسەر و بیرگە و زیاتریش ئاشکرا نەکراون.

بۆچونی تۆ