رەقەکاڵا 3, شوبات 2020

کۆمپانیای MediaTek چیپی Helio G80 ـی تایبەت بە یاریکردنی بۆ مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان ڕاگەیاند

لە دوای ئەوەی لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیای MediaTek چیپی سەرکەوتووی Helio G90 ـی تایبەت بە یاریکردن ڕاگەیاند، کۆمپانیاکە بڕیاریدا نەوەیەکی نوێ لە زنجیرە چیپی Helio ڕابگەیەنێت.

کۆمپانیای MediaTek چیپی نوێی Helio G80 ـی ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە یاریکردن و مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان. قەبارەی 12 نانۆمەترە و خاوەن 8 دانە ناوکی ناوەندی کارپێکردنە. 2 دانە لە ناوکەکانی لە جۆری Cortex-A75 ـن بە خێرایی 2.0 گێگاهێرتز و 6 ناوکەکەی دیکەی لە جۆری Cortex-A55 ـن بە خێرایی 1.8 گێگاهێرتز.

چیپە نوێیەکە خاوەن گرافیکی Mali-G52 ـە کە خێرایی تاوەکو 950 مێگاهێرتزە، لە کاتێکدا کە گرافیکی چیپی G70 خێراییەکەی 820 مێگاهێرتزە.

چیپی نوێی Helio G80 خاوەن تایبەتمەندییەکانی HyperEngine Game و (VoW (voice on wakeup ـە. تایبەتمەندی HyperEngine Game تایبەتە بە زیادکردنی خێرایی لە کاتی یاریکردندا و بە ژیری ئاڵوگۆڕ لە نێوان ڕایەڵەکانی LTE و Wi-Fi دەکات لە کاتی پچڕانی هەر یەکێکیاندا، هەروەها تایبەتمەندی VoW ـیش تایبەتە بە کارپێکردنی یاریدەدەرە دەنگییەکان لە دۆخە جیاوازەکاندا.

وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، چیپە نوێیەکە لە بازاڕەکانی وڵاتی هیندستاندا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ