بابەتی گرینگ 31, ئازار 2022

کامێرای دیجیتاڵ بەرامبەر کامێرای مۆبایل: جیاوازییان چییە؟

کامێرای مۆبایل یان کامێرای دیجیتاڵ؟،کامیان باشترە؟، چۆن کامیراکەی تۆ ٢٠ مێگاپێکسڵە و لە مۆبایلەکەی من باشترە کە ١٠٨ مێگا پێکسڵە؟!، دەکرێت بڵێین ئەمە بەربڵاوترین پرسیارە کە لێم کرابێت!، هەر بەو هۆکارە بە پێویستم زانی بابتێکی تێر و تەسەل لەسەر ئەم بابەتە بنوسم و سەرەکیترین جیاوازییەکان بخەمە بەردەستی ئێوەی خوێنەری کەی ئای تی ئێن.

 

قەبارە

مۆبایلەکەت هەمیشە لەگەڵتە و قەبارەی بچووکە و لە بەخەڵتدا جێی دەبێتەوە، بەڵام کامێرای دیجیتاڵی بەو جۆرە نیە و هەرە بچووکەکەیان لە مۆبایلێک ئەستوور یان گەورەترە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەر مۆبایلەکە بە گونجاوتر و ئاسانتر ببینێت و گواستنەوە و هەڵگرتن لە چاو کامێرایەکدا.

قەبارەی هەستەوەر

قەبارەی هەستەوەری مۆبایل ئێجگار بچووکە لە چاو کامێرای دیجیتاڵی، دەکرێت بڵێن ئەم خاڵە سەرەکیترین و گرنگترین جیاوازی نێوانیانە و زۆرینەی جیاوازیەکانی دیکەش لەمەوە سەرچاوە دەگرن.

لێرەدا من مەبەستی لە قەبارەی خوودی پێکسڵەکان نیە، بەڵکو مەبەستم لە خوودی قەبارە فیزیکیەکەی هەستەوەرە.

دەشێت بەڕێزت خاوەنی مۆبایلێک بیت کە ڕوونی کامێراکەی ٤٨ مێگاپێکسڵ بێت بەڵام قەبارەی بچووکترە لە ٥ میلیمەتر یاخوود (٠.٢ ئینچ) پانی. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو ٤٨ مێگاپێکسڵەی بەڕێزت تەنها ٠.٨ مایکرۆنە کە قەبارەیەکی ئێجگار بچووکە. لە کامێرایەکی دی ئێس ئێڵ ئاڕ یان بێ هاوێنە(میرەرلێس) کە ڕوونی ٤٨ مێگاپێکسڵ بێت، ئەوا قەبارەی پێکسڵەکان گەورەترن کە لە هەستەوەرێکی فوولفرەیم ٣٦ میلیمەتردا (١.٤١ ئینچ) پانی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە قەبارەی گەورەتری پێکسڵ بەرپرسە لە وەرگرتنی ڕووناکیی زیاتر.

پێکسڵی زیاتر واتە زانیاری زیاتر لە کاتی تۆمارکردنی وێنە، بەڵام هەندێکجار بە تەواوی ئەم بابەتە دەگۆڕێت!،کاتێک وێنەیەک بڵاو دەکەینەوە لە فەیسبووک و ئینستاگرام، کە خوودی ئەو پلاتفۆرمانە هەڵدەستن بە کەمکردنەوەی قەبارە (کۆمپرێس کردن)ـی ئەو وێنانەی کە بڵاو دەکرێنەوە لێیان. ئەوا لێرەدا زۆرینەی ڕوونیی وێنەکەت لە دەست دەدەیت.

پێکسڵی زیاتر واتە وێنەیەکی باشتر چاپ (پرنت کردن)، کە ڕێگات پێدەدات بە قەبارەی گەورەتر وێنەکانت چاپ بکەیت.

 


هاوێنە

باشترین هاوێنەی کامێرای مۆبایلەکان ناگاتە خراپترین هاوێنەی کامێرا دیجیتاڵییەکان، کە لێرەشدا قەبارە جیاوازییەکی گەورە درووست دەکات.

قەبارەی هاوێنەی مۆبایلەکان هەوەک هەستەوەرەکانیان ئێجگار بچووکن کە قەبارەیان لە نێوان ٤ میلیمەتر پانی و ٠.٢ میلیمەتر ئەستوورییە، بەڵام ئەوەشامن لە یاد نەچێت کە هەڵگرتنی مۆبایلێک ئاسانترە لە هەڵگرتنی کامێرایەک بە هاوێنەیەکی زوومی گەورەوە!

زۆرینەی هاوێنەی مۆبایلەکان لە پلاستیک درووست دەکرێن لە کاتێکدا هی کامێرا دیجیتاڵییەکان لە شوشەی ئاست مامناوەند و ئاست بەرز درووست دەکرێن کە بە پێی نرخەکانیان دەگۆڕێت.

لە پاڵ هەستەوەردا، هاوێنە جیاوازییەکی گەورە درووست دەکات لە ڕوونی و زبریی(شارپ)ـی وێنەکاندا.

کۆتا جیاوازی لە نێوان هاوێنەکاندا دەکرێت بڵێین توانستی گۆڕینی هاوێنەیە کە لە مۆبایلەکاندا ئەم تایبەتمەندییەمان نییە.

 

سەرەکیترین ئەو خاڵانەی کە هاوێنە کاریان لێ دەکات بریتین لە:

  • شارپ (زبری وێنە)
  • دیستۆرشن (شێواندن)
  • کرۆماتیک ئەبێرەیشن

کە لە وێنەی مۆبایلەکاندا کێشە لەم بابەتانە بە زەقی بە دی دەکرێن لە چاو کامێرای دیجیتاڵی.

خاڵێکی دیکە بریتیە لە توانستی زوومکردنی ئۆپتیکاڵی لە کامێرادا کە پەیوەستە بە هاوێنەکەوە، بەڵام لە مۆبایلدا نەگۆڕە.

پڕۆسەکردنی وێنە

ڕوونی وێنە لە مۆبایلێکدا پەیوەستە بەو ئەلگۆریتمانەی کە پرۆسێسەری مۆبایلەکە ئەنجامی دەدات بۆ تۆمارکردنی وێنەیەک لە کاتی چرکاندن تاکوو بینینەوەی وێنەکە، کە دەکرێت چەندین تەکنەلۆژیای تایبەتی تێدا بەکارهاتبێت بۆ ڕوونکردن و جوانتر نیشاندانی وێنەکە بە بەکارهێنەر، بەڵام هەموو ئەمانە لە کامێرایەکی دیجیتاڵ پەیوەستە بە شێوازی وێنەگرتنی وێنەگرەکە نەک تەکنەلۆژیای خەڵەتێنەر، هەروەک لە چەندین مۆبایلدا بە دی دەکرێن لە ئێستادا.

 

 

نەرمەواڵا دەرەکیەکان لە مۆبایلەکاندا

جیاوازییەکی زۆر بە دی دەکرێت لە نێوان وێنەگرتن لە نەرمەواڵایەکی دەرەکیی ( بۆ نموونە سناپچات یاخوود ئینستەگرام) لە مۆبایلێکی ئایفۆن و مۆبایلێک کە کار بە سیستمی ئەندرۆید دەکات، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی پڕۆسێس کردنی ئەو وێنەیە لە مۆبایلێک بۆ مۆبایلێک و لە سیستمێک بۆ سیستمێکی دیکە، بەڵام لە کامێرای دیتاڵی ئەم بابەتانە بونیان نیە و دەىیت بەکارهێنەر خۆی بابەتەکان ئامادە بکات و دواتر هاوبەشی پێ بکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

 

 

تاریکی

کاتێک دێتە بابەتی شوێنی تاریک، ئەوا هەستەوەری گەورەتر دەیباتەوە لە هەستەوەری بچووک، لەبەر ئەوەی هەستەوەری گەورە توانستی وەرگرتن و تۆمارکردنی ڕووناکیی زیاترە و ڕوونیی وێنەکانی زۆر باشترە.

هەر بەم هۆکارە لێرەدا کامێرایەکی دیجیتاڵی دووبارە سەردەکەوێت بەسەر کامێرای مۆبایلدا.

 

 

لێڵ کردنێکی زیاتر و ڕاستەقینە

لە کامێراکاندا لێڵ کردنی پشتی ئەو بابەتەی وێنەی دەگریت پەیوەستە بە بڕی کرانەوەی کوونی هاوێنە (ئاپێچە) کە لە مۆبایلەکاندا تا ڕادەیەک سوود وەردەگیرێت لە زیرەکی دەستکرد بۆ ئەم مەبەستە نەک توانا فیزیکییەکەی هاوێنە کە پاڵەوانی ئەم بابەتەیە.

 

 

لە کۆتایدا تەنها ئەوە ماوەتە بڵێین، بە درێژایی چەندین ساڵی ئەزموونم لەگەڵ فۆتۆگرافی و کامێرادا، هیچ مۆبایلێک بە هاوشانی خراپترین کامێرای دیجیتاڵی نازانم بە هۆی هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە.

 

 

 

 

 

 

بۆچونی تۆ