10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 9, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

لە هەفتەی داهاتووەوە ئینستەگرام دەست دەکات بە شاردنەوەی ژمارەی بەدڵبووەکان (ڵایکەکان) ـی بڵاوکراوەکان لە ناوچەی زیاتر

لە مانگی 4 ـی ئەمساڵەوە، کۆمپانیای ئینستەگرام دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەی بەردەستکردنی شاردنەوەی ژمارەی بەدڵبووەکان (ڵایکەکان) ـی بڵاوکراوەکانی تۆڕەکەی بۆ بەکارهێنەرانی ژمارەیەک ناوچەی جیهان. ئێستا کۆمپانیاکە بڕیاریداوە تاقیکردنەوەکە فراوانتر بکات و بۆ بەکارهێنەری زیاتری بەردەست بکات.

کۆمپانیای ئینستەگرام لە زاری Adam Mosseri ـی بەڕێوەبەری گشتییەوە، ڕایگەیاند کە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکەن بە بەردەستکردنی تایبەتمەندی شاردنەوەی ژمارەی بەدڵبووەکان (ڵایکەکان) ـی بڵاوکراوەکان بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەڕێوەبەرەکەی ئینستەگرام ئەمەی لە کۆنگرەی WIRED25 ـدا ئاشکرا کرد.

بە شاردنەوەی ژمارەی بەدڵبووەکان (ڵایکەکان) ـی بڵاوکراوەکان، چیدیکە شوێنکەوتووانت ناتوانن بزانن کە وێنە یاخود ڤیدیۆکانت چەند ڵایکیان بۆ هاتووە، بەڵام خۆت توانای بینینی ژمارەی ڵایکەکانی بڵاوکراوەکانتی خۆتت دەبێت. ئامانج لەم کارەی ئینستەگرام، دەگەڕێتەوە بۆ هاندانی گەنجان لە بەکارهێنانی تۆڕەکە و نائومێد نەبوونیان لە هەبوونی ژمارەیەکی کەمی ڵایک بۆ بڵاوکراوەکانیان.

لە ئێستادا شاردنەوەی ژمارەی بەدڵبووەکان (ڵایکەکان) ـی بڵاوکراوەکانی ئینستەگرام بۆ ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەرانی ناوچەکانی کەنەدا، ئیتاڵیا، ئێرلەندا، ژاپۆن، ئوستڕاڵیا، بەڕازیل و نیوزلەندا بەردەستە.

نوێکراوە (2019/11/10 19:34): چاککردنی هەڵەیەک لە سەردێڕدا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ