ئەپ و نەرمەکاڵا 16, ئەیلوول 2023

ئەدۆبی Premiere Pro ئێستا دەتوانێت ژاوەژاوی پاشبنەما بە شێوەیەکی خۆکارانە لاببات

 

ئەدۆبی هەندێک تایبەتمەندی ژیری دەستکرد و سێ دووری (3D) بۆ وەشانی تاقیکاری Premiere Pro و After Effects و Frame.io بەردەست خست.

لە سەرەتادا، ئەدۆبی تایبەتمەندی Enhance Speechی بەهێز کراو بە ژیری دەستکردی بۆ Premiere Pro بەردەست کردووە. ئەدۆبی دەڵێت بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە دەنگێکی تۆمار کراوی ئاست نزم و خراپ وەک دەنگێک دەردەکەوێت کە لە ستۆدیۆیەکی پڕۆفیشناڵ تۆمار کرابێت.

ئەم تایبەتمەندییە ژاوەژاوی دەوروبەری ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لادەبات و هاوکات بەشێک بەردەست کراوە بۆ گۆڕانکاری لە ڕێژەی لابردنی ئەم ژاوە ژاوە.

لەگەڵ ئەوەش بەشێکی دەنگی نوێ بەردەستە کە ڕاستەوخۆ ئەو کلیپانە دیاری دەکات کە ئاخافتن ( Dialogue) و میوزیک و دەنگ و ژاوەژاوی دەوروبەری تێدایە.

هەروەها بەشی دەستکاری کردنی دەق ئێستا دەتوانێت وەستانە ناپێویستەکان و ناپاراوی لە قسە کردن (بەکار هێنانی وشەی ئم، ئا، هتد.. لە کاتێکدا دەقێکت لە بیر دەچێتەوە) بناسێتەوە و ڕاستەوخۆ بیسڕێتەوە.

هەروەها ئەدۆبی گۆڕانکاریشی لە After Effects کردووە، وەک زیاد کردنی چەندین تایبەتمەندی 3 دووری و باشتر کردنی تووڵی Roto Brush بۆ لابردنی تەنەکان و زیاتریش…

لە کۆتاییدا، ئەدۆبی گۆڕانکاری لە Frame.io کردووە و ئێستا دەتوانیت وێنە، ڤیدیۆ، دەنگ، فایلی دیزاین، PDF لە تەنیشت یەکتر ببینیت و بەراوردیان بکەیت.

هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە ئێستادا بۆ وەشانی تاقیکاری بەردەستە، لە داهاتوودا بۆ وەشانی جێگیر بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە The Verge
تاگەکان Adobe ئەدۆبی
بۆچونی تۆ