بابەتی گرینگ 23, تەممووز 2024

بارگاویکەری بێوایەر چۆن کاردەکات؟

بارگاویکردنەوەی ئامێرەکان بەبێ وایەر و پڵەگ لە ئێستادا بووەتە ڕێگەیەکی گونجاو لەڕێگەی بارگاویکەری بێوایەر. بارگاویکردنی بێوایەر دەگەڕێتەوە بۆ تاقیکردنەوەیەکی نیکۆلا تێسلا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام جێبەجێکردنی کرداری لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکرد. کۆمپانیاکانی وەک فیلیپس و سۆنی پێشەنگ بوون لەم ڕووەوە بۆ ئامێرەکانی وەک فڵچەی ددانی کارەبایی و مۆبایل.

بەڵام تائێستا لە خۆت پرسیوە ئایا چۆن کاردەکات؟

سەرەتا دەبێت لە بارگاویکردنەوەی هاندەرانە تێبگەیت. بارگاویکەری بێوایەر تەکنەلۆژیایەک بەکاردەهێنێت کە پێیدەگوترێت بارگاویکردنەوەی هاندەرانە بۆ گواستنەوەی وزە لە بارگاویکەرەکەوە بۆ ئامێرەکان. ئەم پڕۆسەیە پشت دەبەستێت بە بواری کارۆموگناتیسی بۆ گواستنەوەی وزە بەبێ وایەر.

لە ناو بارگاویکەری بێوایەردا کۆیل هەیە کە بریتییە لە گڵۆڵەیەک وایەر بەستراوەتەوە بە سەرچاوەی وزەی کارەبای گۆڕاو (AC). کاتێک بارگاویکەرەکە داگیرسا کارەبا دەڕژێتە سەر کۆیلەکە و دەبێتە هۆی دروستکردنی بوارێکی کارۆموگناتیسی لە دەوروبەریدا.

لە هەمان کاتدا ئەو ئامێرەی کە دەمانەوێت بارگاوی بکەینەوە، بۆ نمونە مۆبایل کۆیلی هەیە. کۆیلەکە شوێنی دەکەوێتە نزیک پاتریەکەی و دیزاینکراوە بۆ ئەوەی وزەی کارۆموگناتیسی لە بارگاویکەرەکەوە وەربگرێت.

کاتێک ئەو ئامێرەی دەتەوێت بارگاوی بكەیتەوە دەیخەیتە ناو شوێنی بارگاویکەرەکەوە کۆیلەکەی بوارێکی کارۆموگناتیسی دروستدەکات. ئەم بوارە دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەبا لە کۆیلی ئامێرەکە، ئەمەش پەیوەندییەک لە نێوان دوو کویلەکەدا دروست دەکات بەبێ هیچ بەرکەوتنێکی فیزیکی. کە ئەمەش پێی دەگوترێت بەیەکگەیشتنی هاندەرانە.

پاشان ئەو کارەبایەی کە لەناو کۆیلەکەی ناو ئامێرەکەدا دروست دەبێت دەگۆڕێت بۆ وزەی کارەبایی، کە پاتری ئامێرەکە بارگاوی دەکاتەوە. ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا ئامێرەکە بە تەواوی بارگاوی دەبێتەوە.

هێزی بارگاویکردنەوەی بێوایەر بەندە بە هۆکارەکانی وەک مەودای نێوان کۆیلەکان و ڕێکخستنی کۆیلەکان و دەرچوونی هێزی بارگاویکەرەوە. بەگشتی تا ئامێرەکە لە بارگاویکەرەوە نزیکتر بێت و ڕێکخستنی باشتر بێت، پرۆسەی بارگاویکردنەوەکە بەهێزتر دەبێت.

ئەم تەکنەلۆژیایە ئاسانکاری باش دەکات و پێویستی بە کێبڵ و پڵاگ نامێنێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئامێرەکان بە هێواشی بارگاوی دەکاتەوە و تواناکەی لە مەودای دووردا کەم دەبێتەوە یان ئەگەر بەربەست لە نێوان بارگاویکەرەوە و ئامێرەکەدا هەبێت.

تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی بێوایەر نەک تەنها بۆ مۆبایلە زیرەکەکان بەڵکو بۆ ئامێرەکانی تری وەک کاتژمێری زیرەک و ئێیەرپۆد و ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردێت.

بۆ ئەم بابەتە پشت بە ComputerWorld بیندراوە.

بۆچونی تۆ