هەواڵ
20, ئازار 2025
مۆبایلە نوێیە چەماوەکەی هواوەی دیزاینێکی سەیری هەیە

ئەمڕۆ هواوەی لە چین مۆبایلێکی نوێی چەماوەی بە ناوی Pura X ڕاگەیاند کە دیزاینێکی تاڕادەیەک سەیری هەیە و لە جیاتی ئەوەی لە سەرەوە بکرێتەوە، لە لاوە دەکرێتەوە. یەکەمین مۆبایلی هواوەیە کە ئەپەکانی ئەندرۆیدی بۆ ناگونجێت و یاریدەدەری زیرەکی دەستکردی Harmony Intelligence لەسەر جێگیر کراوە. لە کاتی کردنەوەی ڕوونمایەکی قەبارە 6.3 ئینجی هەیە بە ڕەهەندی 16:10 کە ئەم ڕەهەندە زیاتر بۆ تابلێتەکان گونجاوە بەراورد بە مۆبایلی چەماوە، هەربۆیە مۆبایلەکە لە کاتی کردنەوەی شێوەی تابلێت وەردەگرێت. ڕوونما 6.3 ئینجییەکەی ڕوونی 2,120 × 1,320 پێکسڵە و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتزە. هەروەها کاتێک دایدەخەیت ڕوونمایەک لە بەشی پشتەوەی بە قەبارەی 3.5 ئینج و بە ڕوونی 980 × 980 پێکسڵ هەیە.

کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە بە پشتگیری کردن لە OIS و کامێرای گۆشە فراوانی 48 مێگاپێکسڵی و کامێرای تێلەفۆتۆی 8 مێگاپێکسڵی بۆ 3.5 هێندە نزیککردنەوەی ئۆپتیکاڵ هەیە. کامێرای سێڵفی 10.7 مێگاپێکسڵە. هەروەها چیپسێتی Kirin 9020 لەسەر جێگیر کراوە. پاترییەکی قەبارە 4,720 مللی ئەمپێر/کاتژمێری بە بارگاوی کەرەوەی 66 واتی وایەر و 40 واتی بێتەل هەیە و بڕوانامەی IPX8 بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز بەدەست هێناوە. نرخی دەستپێکی مۆبایلەکە لە چین بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 1,038 دۆلار.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.