ژیری دەستکرد AI
19, ئاب 2025
زیرەکی دەستکردی کۆپایڵت بۆ مایکرۆسۆفت ئێکسڵ بەردەست دەبێت

مایکرۆسۆفت تێهەڵکێش کردنی زیرەکی دەستکردی کۆپایڵت لەگەڵ ئەپی مایکرۆسۆفت ئێکسڵ تاقی دەکاتەوە. لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە کارەکان ئاسانتر دەبن و کاتیش بۆ بەکارهێنەر دەگەڕێتەوە.
ئەم کردارە تەنها بە نووسینی COPILOT ئەنجام دەدرێت پاش ئەوە ئەتوانیت هەر بە زمانی ئینگلیزی (زمانی ئاسایی) هەر شتێک بتەوێت بنووسیت.
بۆ نموونە مایکرۆسۆفت دەڵێت ئەگەر چەند تێبینییەکی کڕیار لەسەر ئامێرێکی قاوە هەبێت ئەوا لە ڕێگەی ئەم زیرەکی دەستکردەوە ڕاستەوخۆ دەتوانیت جیای بکەیتەوە کە کامەیان ئەرێنییە و کامەیان نەرێنییە تەنها بە نووسینی =COPILOT(“Classify this feedback”, D4:D18)، کە لێرەدا COPILOT فەرمانەکەیە و نووسینی دوای ئەوە “Classify this feedback” واتە ئەم لێدوانانە لەبارەی ئەم ئامێری قاوەوە پۆلێن بکە. ئەمەش واتا چیدی پێویست ناکات بە شێوەیەکی ئاڵۆز فەرمانەکان بنووسرێت، بەڵکو ئێستا دەتوانیت وەک کەسێک لەگەڵ مایکرۆسۆفت ئێکسڵ قسە بکەیت.

ئەم تایبەتمەندییە بە مۆدێلی زیرەکی دەستکردی OpenAI gpt-4.1-mini بەهێز کراوە. هەروەها دەتوانرێت ئەم فەرمانە لەگەڵ فەرمانەکانی دیکەی وەک IF, SWITCH, LAMBDA, WRAPROWS ئاوێتە بکرێت. بێگومان سنووردار کردنیش بۆ ئەم تایبەتمەندییە بوونی هەیە بەوەی لە ماوەی 10 خوولەکدا دەتوانیت 100 جار ئەم فەرمانە بەکار بهێنیت و دەستڕاگەیشتنی نییە بۆ هیچ زانیارییەکی دەرەوەی مایکرۆسۆفت ئێکسڵ. لە ئێستادا بە شێوەی تاقیکاری و لە داهاتوودا بە شێوەی جێگیر و فەرمی بەردەست دەبێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.