ئامێرە هەمەجۆرەکان
28, ئاب 2025
مایکی بێتەلی DJI Mic 3 بە قەبارەیەکی بچووکەوە نمایش کرا

کۆمپانیای DJI نوێترین مایکی بێتەلی بە ناوی DJI Mic 3 نمایش کرد کە نیوەی کێش و قەبارەی نەوەی پێشووتری هەیە بە بێ ئەوەی تایبەتمەندی کەم کرابێتەوە یاخوود پاتری بچووک کرابێتەوە.
ئەم مایکە پشتگیری تاوەکو 4 گوێزەرەوە (Transmitters) و 8 وەرگر (Receivers) دەکات بەو واتایەی گونجاوە بۆ تۆمار کردنی دەنگی بە کۆمەڵ.

هەروەها تاوەکو دووری 400 مەتر دەتوانێت دەنگ تۆمار بکات و دوو ئاستی لە تایبەتمەندی لابەری ژاوە ژاو هەیە.
ئەگەر دەنگێکی بەرز بە شێوەیەکی کتوپڕ پەیدابوو، ئەوا مایکەکە لە ڕێگەی مۆدی Adaptive Gain Control دەتوانێت بە شێوەیەکی خۆکارانە کەمی بکاتەوە و سێ تۆنی دەنگی تێدایە کە قسەکەر دەتوانێت بە پێی دەنگی خۆی هەڵیبژێرێت.
ئەم مایکە 32 گێگابایت بیرگەی ناوەکی هەیە بۆ ئەوەی دەنگەکانی تێدا هەڵبیگرێت و خاوەن ڕوونمایەکی تەچە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت دەستکاری رێکخستنەکان بکەیت و ڕێژەی پاتری بزانیت. پاتری وەرگرەکە نزیکەی 8 کاتژمێر و گوێزەرەوەکەش نزیکەی 10 کاتژمێر بەرگە دەگرێت. نرخی مایکەکە بۆ دوو گوێزەرەوە و یەک وەرگر بریتییە لە 329 دۆلار و بۆ یەک گوێزەرەوە و یەک وەرگر بریتییە لە 219 دۆلار.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.