10
ئۆتۆمبێل 17, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Volvo یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی خۆی بە ناوی XC40 Recharge بە هەبوونی سیستەمی Android ـەوە نمایشکرد

لە پاش چەند ساڵێک لە کارکردن لەسەر درووستکردنی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی، دواجار کۆمپانیای Volvo لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە شاری لۆس ئەنجلێکی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی خۆی بە ناوی XC40 Recharge بە هەبوونی سیستەمی Android ـەوە نمایشکرد.

ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی کۆمپانیای Volvo ـە کە تاوەکو ئێستا بەرهەمی هێنابێت. ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە لەسەر لاشەی جۆری ئاسایی ئۆتۆمبێلی XC40 ـی کۆمپانیاکە درووستکراوە. بە پێی تاقیکردنەوەیەکی سیستەمی WLTP، ئۆتۆمبێلی کارەبایی XC40 Recharge توانای هەیە 400 کیلۆمەتر/کاتژمێر بە یەکجار بارگاویکردنەوە ببڕێت. هەروەها ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە توانای 408 ئەسپی هەیە و دەتوانێت بە 4.8 چرکە لە 0 ـەوە بگات بە خێرایی 100 کیلۆمەتر/کاتژمێر.

پاتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە بە 40 خولەک لە 0% تاوەکو 80% بارگاوی دەبێتەوە لە ڕێگەی بارگاویکەرەوەیەکی خێراوە. کۆمپانیای Volvo لە ڕێگەی ئەم ئۆتۆمبێلە کارەباییەوە دەیەوێت بێتە مەیدانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانەوە، هەر بۆیە ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە پشت لە درووستکردنی ئۆتۆمبێلی کارکردوو بە گاز دەکەن و چیدیکە سەرنج دەخەنە سەر درووستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

ئۆتۆمبێلی کارەبایی XC40 Recharge خاوەن سیستەمی Android ـە کە بەکارهێنەر توانای بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵی وەک Google Assistant و Google Maps و زیاتری دەبێت و دەتوانرێت ئەپەکانیش لە ڕێگەی کۆگای Google Play ـییەوە دابگیرێن، بەمەش بەکارهێنەر پێویستی بەوە نابێت پشت بە مۆبایل ببەستێت بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە پشتگیری لە سەکۆی CarPlay ـی ئەپڵیش دەکات.

یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە، ئەوەیە کە هاوشێوەی ئۆتۆمبێلەکانی Tesla، بە شێوەیەکی بەردەوام نوێکردنەوەی سیستەمی پێ دەگات و بە پێی کات تایبەتمەندی نوێ زیاد دەکرێت و کێشەکان چارەسەر دەکرێن.

کۆمپانیای Volvo نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نرخی لە 50,000$ ـەوە دەست پێبکات و وا بڕیارە لە چارەکی چوارەمی ساڵی داهاتوودا لە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست بکرێت بۆ فرۆشتنی.

سەرچاوە The VergeTech Crunch
بۆچونی تۆ