ئەپ و نەرمەکاڵا 17, کانوونی یەکەم 2025

ئەپی نایاب و خۆڕایی مۆنتاژ OpenShot 3.4 بڵاوکرایەوە؛ خێراتر و بەهێزتر و پڕتایبەتمەندی

ئەپی مۆنتاژی “OpenShot” وەشانی نوێی ٣.٤ی بڵاوکردەوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین نوێکارییەکانی مێژووی خۆی دادەنرێت. لەم وەشانەدا جەختێکی زۆر کراوەتە سەر باشترکردنی چوستی (Performance)، بەجۆرێک خێرایی ئەپەکە بەگشتی بە ڕێژەی ٣٢٪ زیادی کردووە و بەکارهێنانی ڕام (RAM) کەمکراوەتەوە. ئەمەش وا دەکات پرۆسەی مۆنتاژکردن و هەناردەکردن (Export) زۆر خێراتر و نەرمتر بێت بەراورد بە وەشانەکانی ڕابردوو.

لەم نوێکارییەدا کۆمەڵێک کاریگەری (Effect)ی نوێ بۆ ڤیدیۆ زیادکراون، وەک (Sharpen) بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکان، (Color Map/LUT) بۆ ڕێکخستنی پیشەییانەی ڕەنگەکان، و (Lens Flare). هەروەها تایبەتمەندییەکی گرنگ بەناوی “Interactive Cropping” زیادکراوە کە ڕێگە دەدات ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی بینین (Preview) ڤیدیۆکە ببڕیت بەبێ ئەوەی پێویست بە ڕێکخستنی ئاڵۆز بکات.

جگە لەوەش، ئێستا بەکارهێنەران دەتوانن زۆر بە ئاسانی کی فرەیمەکان (Keyframes) لەسەر دەمنامە (تایمڵاین) ڕابکێشن و دەستکارییان بکەن. بۆ کەسانی پێشکەوتووش، تایبەتمەندییەک بەناوی “Experimental Timeline” بەردەستە بۆ تاقیکردنەوەی شێوازێکی نوێی کارکردن. هاوکات چاکسازی لە سیستەمی “Undo/Redo” و چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە تەکنیکییەکان کراوە بۆ ئەوەی بەرنامەکە جێگیرتر بێت.

جێگەی باسە، ئۆپن شۆت بۆ هەریەک لە سیستەمەکانی ویندۆز، ماک، لینوکس و کڕۆم ئۆ ئێس بەردەستە.

لەم لینکەوە زانیاری زیاتر و لەم لینکەوەش دەتوانن دایبگرن.

تاگەکان OpenShot
بۆچونی تۆ