ئامێرە هەمەجۆرەکان 25, ئەیلوول 2024

مێتا یەکەمین چاویلکەی زیرەکی AR نمایش کرد

کۆمپانیای مێتا ئەمڕۆ بۆنەیەکی ڕێکسخت و چەند بەرهەمێکی نوێی نمایش کرد، لە نێویاندا یەکەمین چاویلکەی زیرەکی ARی کۆمپانیاکە بە ناوی Orion. کۆمپانیاکە ئەم چاویلکە زیرەکە بە “پێشکەوتووترین جووتە چاویلکەی AR کە تا ئێستا دروستکراوە'” وەسف دەکات. کۆمپانیاکە بۆ یەکەمین جار 5 ساڵ لەمەوپێش ڕایگەیاند کە سەرقاڵی پەرەپێدانی چاویلکەی زیرەکی هۆڵۆگرافییە، بەڵام ئەمڕۆ نمایشی کرد. چاویلکەکەکان زۆر کێشیان سووکتر دەردەکەوێت بە بەراورد بە بەرهەمە هاوشێوەکان کە لە پێشووتردا نمایش کراون. مێتا دەڵێت چاویلکەکەیان کێشی سووکە و بۆ بەکارهێنان گونجاوە لە ناوەوە و دەرەوەی ماڵ. بە پێی وتەی کۆمپانیاکە ،چاویلکەکە ڕێگە بە ئەزموون کردنی هەموو ئەو ئەزموونە دیجیتاڵیانە دەکات کە بەهۆی ڕوونمای بچووکی مۆبایلە زیرەکەکانەوە سنووردار کراون.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەتوانیت لە ڕێگەی ئەم چاویلکەیەوە تەماشای ناو ساردکەرەوەکان بکەیت و بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی مێتا ڕەچەتەیەک بۆ درووستکردنی خواردن بەدەست بهێنیت بە پشت بەستن بەو شتومەکانەی کە بەردەستە. هەروەها دەتوانیت پەیوەندی ڤیدیۆی لە ڕێگەی چاویلکەکەوە ئەنجام بدەیت و تەماشای پەیامەکان و ناردنی پەیامەکان لە ڕێگەی مێسنجەر و واتسئەپ ئەنجام بدەیت. هەروەها وەشانی هۆڵۆگرافی چەندین ئەپی بەناوبانگی وەک سپۆتیفای و یوتیوب و Pinterest بۆ چاویلکەکە بەردەست دەبێت.

هەرچەندە بەرهەمەکە نمایش کرا، بەڵام دەبێت چەند ساڵێکی دیکە چاوەڕێ بکەیت بۆ ئەوەی وەک بەکارهێنەرێک بەکاری بهێنیت! واتە لە ئێستادا مێتا پلانی نییە ئەم چاویلکەیە بۆ کڕیار بەردەست بخات و بە پێی هەواڵێکی دزەپێکراو بێت چاویلکەکە لە ساڵی 2027 بەردەست دەبێت. هەروەها مێتا نرخی بەرهەمەکەشی ئاشکرا نەکرد.

سەرچاوە Engadget
تاگەکان Meta مێتا
بۆچونی تۆ