ئەپڵ 31, ئازار 2020

ئەپڵ کارمەندەکانی ڕاسپاردووە تاوەکو لە ماڵەوە کار لەسەر قۆناغی سەرەتایی بەرهەمهێنانی ئامێرەکان بکەن

وەکو ئاشکرایە، زۆرینەی کۆمپانیاکان یان بەرهەمهێنانیان وەستاندووە یان لە ماڵەوە کارمەندەکانیان ڕاسپاردووە تاوەکو کارەکانیان بەڕێ بکەن. دەنگۆ هەیە کە گوایە کۆمپانیای ئەپڵ کارمەندەکانی ڕاسپاردووە تاوەکو لە ماڵەوە کار لەسەر بەرهەمهێنانی ئامێرەکان بکەن.

ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg ئاشکرای کردووە کە ئەپڵ پەرەی بە کلتوری کارکردن لە ماڵەوە داوە و ژمارەیەک لە کارمەندە تایبەتەکانی خۆی ڕاسپاردووە تاوەکو لە ماڵەکانیاندا کار لەسەر قۆناغی سەرەتایی بەرهەمهێنانی ئامێرەکان بکەن.

بە پێچەوانەی کۆمپانیاکانی دیکەوە، ئەپڵ هەمیشە بە باشترین شێوە ڕێگری لە دزەپێکردنی شێواز و تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکانی کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کارمەندانەی کە بۆ کارکردن لەسەر بەرهەمهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە ڕاسپێردراون، بە شێوەیەکی چڕ هەڵسەنگاندنیان بۆ کراون لە لایەن ڕابەری باڵاوە.

دەگوترێت ئەو ژمارە کارمەندە ڕاسپێردراون تاوەکو لە ماڵەوە کار لەسەر قۆناغی سەرەتایی بەرهەمهێنانی هەریەکە لە بەرهەمەکانی HomePod و Apple TV و MacBook Pro و iPad ـە نرخ هەرزانەکان و Apple Watch و iMac ـە نوێیەکان بۆ ئەمساڵ بکەن. پێگەکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک کارمەندی دیکە ڕاسپێردراون تاوەکو لە قۆناغی گەشەپێدانی دەستکردا لە ئۆفیسەکاندا کار بکەن.

هەروەها دەگوترێت سیستەمە کارپێکەرەکانی کۆمپانیاکەش لە ژێر قۆناغی گەشەپێداندان. بەم شێوەیە، پێشبینی ناکرێت ڕێکەوتی بەردەستکردنی هیچکام لە ئامێر و بەرهەمەکانی ئەپڵ دواکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.

سەرەڕای ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەپڵ MacBook Air ـی نوێ و نەوەی چوارەمی iPad Pro ـی ڕاگەیاندن و دەنگۆ هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا iPhone 9 و iPhone 9 Plus ـیش ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ