10
هەواڵ 14, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

بە فەرمی کۆتایی هێنان بە وەرزی دەیەمی یاری Fortnite ڕاگەیاندرا

بە شێوەیەکی لە ناکاو، کۆمپانیای Epic Games ـی درووستکەری یاری Fortnite کۆتایی هێنانی بە وەرزی دەیەمی یارییەکە ڕاگەیاند.

کۆمپانیاکە کۆتایی هێنانی دواین وەرزی یارییەکەی بەوە دەست پێکرد کە سەرتاپای نەخشەی یارییەکەی کردە ڕەش و چاڵێکی ڕەشی نیشان دا. هەروەها وێنەی ڕەشی خستە سەر وێنەی هەژمارە فەرمییەکانی یارییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، لە تویتەر جریوەیەکی بڵاوە پێکرد و تێیدا ڕایگەیاند: “ئەمە کۆتاییە” و هەژماری فەرمی یارییەکەشی لە تۆڕی Twitch سڕییەوە.

کۆمپانیاکە سەرجەم جریوەکانی لە هەژماری فەرمی یارییەکە لە تویتەر سڕییەوە و بە تەنها جریوەی ڤیدیۆی پەخشی ڕاستەوخۆی چاڵە ڕەشەکەی هێشتەوە، کە خاوەن سەروو 300,000 لایک و دەیان هەزار بینەرە تاوەکو ئێستا.

لە ڕاستیدا، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری Fortnite ئەنجامدانی ئەم کردارانەی وەکو کۆتایی هێنان بە یارییەکە نیشان دەدات، بەڵام دڵنیاین لەوەی کە مەبەست لەمە کۆتایی پێهێنانی وەرزی دەیەمی یارییەکەیە نەوەک سەرتاپای یارییەکە.

هەندێک پێگە بە شێوەی گاڵتەئامێز لۆمەی ئیڵۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیاکانی Tesla و Space X دەکەن بەوەی کە یارییەکەی کڕیوە و لە پاشان سڕیویەتییەوە. خۆشی بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێزانە و نەرێکی وەڵامی لۆمەکانی داوەتەوە.

هێشتا، دیار نییە کە وەرزی یانزەیەم لە یارییەکە بەردەست دەکرێت یاخود نا، بەڵام هیوا زۆرە بۆ بەردەستکردنی وەرزە نوێیەکەی یارییەکە.

سەرچاوە BBC
بۆچونی تۆ