ئامێرە هەمەجۆرەکان 23, ئەیلوول 2025

گەوپرۆ ڕوونی 8K بۆ کامێرا 360 پلەییەکەی بەردەست دەکات

نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر گەوپرۆ کامێرایەکی نوێی بە ناوی Max نمایش کرد کە توانای تۆمار کردنی ڤیدیۆی هەبوو بە 360 پلە. ئەمڕۆ کۆمپانیاکە نەوەی دووەمی ئەم کامێرایەی بە چەندین گۆڕانکارییەوە بە ناوی Max2 نمایش کرد. لەم نەوەیەدا ڕوونی تۆمار کردنی ڤیدیۆ بەرز کراوەتەوە بۆ 8K و 30 وێنە لە چرکەیەکدا. بێگومان ئەمە بۆ 360 پلەیە، ئەگەر بە 180 پلە ڤیدیۆ تۆمار بکەیت ئەوا دەتوانیت تاوەکو ڕوونی 4K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا هەڵبژێریت.ئەم نەوەیە کەمێک درێژتر، ئەستوورترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی و 36 گرامیش کێشی زیاترە.

ئەم نەوەیە ڕوونماکەی گەورەترە.

6 مایکرۆفۆنی هەیە کە توانای کەمکردنەوەی ژاوەژاوی «با» ـیان هەیە و بەرگەی ئاو دەگرێت تاوەکو قووڵی 5 مەتر. ڕوونمایەکی گەورەتری هەیە کە قەبارەی 1.82 ئینجە و ئێستا پشتگیری لە بیستۆکی Bluetooth دەکات بۆ تۆمارکردنی دەنگ. وە پاترییەکی گەورەتری هەیە بە قەبارەی 1,960 مللی ئەمپێر/کاتژمێر کە بەرگەی 66 خوولەک کار کردن دەگرێت ئەگەر ڤیدیۆ بە ڕوونی 8K و 30 وێنە لە چرکەیەکدا تۆمار بکەیت.

تۆمارکردنی دەنگ لە ڕێگەی بیستۆکی بێتەلەوە.

یەکێک لە گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ئەم نەوەیە ئەوەیە کە دەتوانرێت بە بێ هیچ ئامرازێک هاوێنەکەی بگۆڕدرێت لە کاتی شکان یان درز تێبوون. نرخی کامێراکە بریتییە لە 499.95 دۆلار.

سەرچاوە The Verge
تاگەکان Camera GoPro
بۆچونی تۆ