ئەمڕۆ کەی ئای تی ئێن (Kitn) پێ دەنێتە وێستگەیەکی مێژوویی نوێوە و ١٥ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆز دەکەین. دەیە و نیوێک تێپەڕی بەسەر ئەو ڕۆژەی کە بڕیارمان دا ببینە پردی گواستنەوەی زانست و گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆژیا بۆ ناو زمانی کوردی و لەگەڵ کوردزمانان هاوبەشی بکەین. لەم ماوەیەدا کەی ئای تی ئێن تەنها ماڵپەڕێک نەبووە، بەڵکوو بووەتە فێرگەیەک بۆ پێگەیاندنی دەیان گەنجی لێهاتوو و خۆبەخش کە بەبێ وچان و بە لێبڕاوییەوە خزمەتیان تێدا کردووە. لێرەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ستافە دڵسۆزەکەمان و ئێوەی خوێنەر، بینەر، و میوانی هەمیشەییمان دەکەین کە هۆکاری سەرەکیی مانەوە و بەردەوامیمانن، و بەڵێن دەدەین وەک هەمیشە بە دێرێکیش بێت ڕۆژانە نوێترینەکانی جیهانی تەکنەلۆژیاتان بۆ بگوێزینەوە.
لە ١٠ی ١٠ی ٢٠١١، تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی لەژێر دۆمەینی www.kitn.net دەستی بە کارەکانی کرد. ئێستا کە ڕێک ١٥ ساڵ بەسەر ئەو ساتەدا تێدەپەڕێت، شانازی بەوەوە دەکەین کە نەک هەر لە خزمەت نەوەستاوین، بەڵکوو گۆڕانکاریی ڕیشەییمان لە میدیای تەکنەلۆژیی کوردیدا بەرپا کرد. جێگەی دڵخۆشییە کە زۆربەی ئەو کەناڵ و پەیجانەی دوای ئێمە هاتوونەتە ناو بوارەکە، سوود لە هەژموونی دەوڵەمەندی کەی ئای تی ئێن وەردەگرن، و لە شێوازی داڕشتن و ڕووماڵکردنیاندا پێوەیان دیارە کە ئیلهامیان لە کارەکانی ئێمە وەرگرتووە. بێگومان ئەمەیە مانای بوونی جێ پەنجەیە لە خزمەتکردن و پێشەنگبوون لە کارکردنی پیشەییانەدا!
نهێنیی مانەوەمان لەم ١٥ ساڵەدا، سەربەخۆیی تەواوەتی و پاڵپشتیی بەردەوامی ئێوە بووە. لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە تۆڕەکەمان سەربەخۆیە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە. هەر بۆیە دەرگای ئێمە هەمیشە کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لەم بوارەدا خزمەت بکات؛ ئەگەر خاوەنی قەڵەمێکی ڕەوان و زمانێکی پاراوی کوردیت لە ڕووی ڕێزمانی و خاڵبەندییەوە، دەتوانیت بابەت و وتارەکانت بنێریت بۆ ئەوەی بە خۆشحاڵییەوە لە سەکۆکەمانەوە بڵاویان بکەینەوە.
لەپاڵ هەواڵ و بابەتە نوسراوەکانماندا، ئێستا کەی ئای تی ئێن پێشەنگە لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی. بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی هەڵسەنگاندن، فێرکاری، ڕیڵز و ڤیدیۆی هەمەجۆری تەکنەلۆژی بە کوالێتییەکی بەرز، بەشێکی سەرەکییە لە کارەکانمان لە سەرتاسەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە پاڵپشتی ئێوە بۆ کەناڵی کەی ئای تی ئێن لە یوتیوب دەبێتە هاندەرێکی گەورەتر بۆ بەردەوامیمان لە دروستکردنی ڤیدیۆی نایاب!
کرتە لێرە بکە بۆ کردنەوەی کەناڵی کەی ئای تی ئێن لە یوتیوب و سەبسکرایب کردنی…
کەی ئای تی ئێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
دووبارە پیرۆز بێت ئەم ڕۆژە مێژووییە…با هەمیشە گەشاوە بێت تاکە تۆڕی باوەڕپێکراوی تەکنەلۆژی لە کوردستان!
بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی (کەی ئای تی ئێن)