ئەپڵ 14, ئازار 2020

ئەپڵ سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە دەرەوەی وڵاتی چین بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخات

لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاندووە کە سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە دەرەوەی وڵاتی چین بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخات.

داخستنەکە کۆگا فەرمییەکانی کۆمپانیاکە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان بێجگە لە چین دەگرێتەوە و لە ئەمڕۆوە تاوەکو 27 ـی ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت. تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی ئەپڵ لە بڵاوکراوەکەدا هۆکاری داخستنی کۆگایەکانی کۆمپانیاکەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاندووەتەوە، هەروەها ڕاشیگەیاند:

باشترین کار بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کارەساتی کۆرۆنا، کەمکردنەوەی جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکانە. ئێمە خزمەتگوزارییەکانمان بۆ بەکارهێنەران بە بەردەستکراوی دەهێڵینەوە.

کارەساتی ڤایرۆسی COVID-19 کار لە هەموومان دەکات. لە ئەپڵیش، ئێمە هاوڵاتی یەکەمین، وە هەرچییەک لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین تاوەکو بڕوا بەوە بهێنین کە تەکنەلۆژیا توانای گۆڕینی ژیانی هەیە و لە کاتێکی وەک ئێستادا دەبێتە شتێکی بەنرخ.

-تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ

چاوەڕوان دەکرا ئەپڵ گرنگترین کۆگاکانی خۆی لە ئەمریکا دابخات، بەڵام دواجار کۆمپانیاکە بڕیاریدا سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە جیهاندا بە شێوەیەکی کاتی دابخات – بێجگە لە چین.

ئەپڵ دەڵێت بەردەوام دەبن لە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە کۆگا سەرهێڵییەکەی و گەیاندنیان بە کڕیاران، هەروەها خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن بە بەشی پشتگیری کۆمپانیاکەش بەردەوامی دەبێت.

دوێنێ ئەپڵ سەرجەم کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی چین کردەوە کە لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دایخستبوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بووە.

دوێنێ شەویش کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە کۆنگرەی گەشەپێدانی جیهانی WWDC 2020 بۆ ئەمساڵ بە شێوەی سەرهێڵی ئەنجام دەدرێت نەوەک بە شێوەی فیزیایی.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ