10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 19, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ئەپێکی داگرتنی ڤیدیۆ زیانبەخشە کە 40 ملیۆن بەکارهێنەری ئەندرۆیدی هەیە؛ ئێستا بیسڕەوە

نوێترین ڕاپۆرتەکانی ئاگاداری دەربارەی ئاسایشی سیستەمی ئەندرۆید هۆشدارییە بۆ ئەپەکانی سیستەمەکە و گووگڵ لە هەوڵی چڕدایە بۆ سڕینەوەیان لە کۆگای گووگڵ پلەی و ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەر لە مەترسی هەر ئەپێک و ڕێنمایی پێ دانیان بۆ سڕینەوەیان. یەک لەو ئەپانە کە گووگڵ لە ئەندرۆیددا ئاگاداری لێوەی دەدات و لە زۆربەی ڕاپۆرتە ئاسایشەکان ناوی هاتووە ئەپی SnapTubeـە. 40 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و ژمارەکەش زۆرتر دەبێت.

بە پێی بڵاوکراوەی گەشەپێدەرانی ئەپی SnapTube کە تایبەتە بە داگرتنی ڤیدیۆ و سەیرکردنی ڤیدیۆکان لە ڕێگەی تۆماربوونیان لە فەیسبووک و یوتیوبەوە، 40 ملیۆن بەکارهێنەری ئەپەکە هەن کە ئێستا ژمارەکە زیاد بووە و لەسەر مۆبایلی زۆرتر دامەزرێنراوە. مەترسی ئەپەکەش بۆ فێڵکردن و هەندێک چالاکی ئەپەکە دەگەڕێتەوە بێ ئەوەی بەکارهێنەر هەستیان پێ بکات، جگە لەوەی فێڵیش لەو کۆمپانیایانە دەکات کە ڕیکلامیان بۆ دەکات و لەسەر ڕووکاری بەکارهێنان دیار ناکەوێت.

ئەم خستنەڕووەش لەلایەن لێکۆڵەرەوانی پێگەی Upstreamـەوە خراوەتە ڕوو، بە بەڵگەوە ئاشکرای دەکەن، ئەپی داگرتنی SnapTube ڕیکلام لە خۆ دەگرێت لە کاتێکدا بەکارهێنەر هەستیان پێ ناکات و نایەنە سەر ڕووکاری بەکارهێنەر، ئامانج لەمەش فێڵکردنە لە کۆمپانیاکان و بەکارهێنەر ئەویش بە ئەنجامدانی کرتە لەسەر ڕیکلامەکان کە هی بەکارهێنەر نین. Snap Tube تەنیا بە قازانجکردن بە فێڵ بەهۆی ڕیکلامە مەترسیدارەکانەوە نەوەستاوەم بەڵکو دوورتر هەنگاوی ناوە، ئەویش بە بەشداری پێکردنی بەکارهێنەر لە خزمەتگوزارییە باشەکانی پەیوەندیکردن و نامەناردن، کە ئەمەش بێ ئاگایی بەکارهێنەر دەبێت، ئەوەی شایەنی باسە پێگەی Upstream قازانجە فێڵاوییەکانی ئەپەکەی لە بەشداری پێکردنی بەکارهێنەران لەو خزمەتگوزارییە هەژمار کردووە و بە 91 ملیۆن دۆلار مەزەندەی دەکەن.

  • ڕێنمایی دەدەین ئەپەکە بسڕیتەوە!

ئەپی SnapTube لەلایەن کۆمپانیای چینی Mobiuspaceـەوە گەشە پێ دراوە کە لە کۆگای گووگڵ پلەی چەندین ئەپی هەن. ئەپی SnapTube لەگەڵ ئەوەی لە کۆگاکە دەست ناکەوێت، کە وەک دەزانین هیچ ئەپێکی داگرتنی ڤیدیۆی یوتیوب لە کۆگای گووگڵ پلەی دەست ناکەوێت ئەمەش بە هەندێک هۆکاری یوتیوب، توانیویەتی 40 ملیۆن بەکارهێنەری بەردەوام کۆ بکاتەوە کە ئەپەکیان لە کۆگاکانی دەرەوەی گووگڵ پلەی یان ماڵپەڕەکان داگرتوون.

پێگەی Upstream بەهۆی سەکۆی تایبەتەوە، کێشەکانی ئەپەکەی خستووەتە ڕوو و وا دیارە فێڵەکە هەر لە ناو خۆی پێکهاتە داڕێژراوەکانی ئەپەکە هەیە (SDK) کە بە بەڵگە و وێنەوە خراونەتە ڕوو. لە کاتێکدا ئەپی SnapTube هەڵگری ئەم چالاکی و زیانەواڵانەیە کە وا دیارە بە ئەنقەست لەگەڵ SDK ئەپەکە تێکەڵ کرا بێت، وتەبێژی SnapTube لە ڕاگەیانراوێکدا ڕوونکردنەوە دەدات و باس لەوە دەکات ئەو چالاکییانە بە بێ ئاگایی SnapTube بووە و دەڵێت: “هەستمان بەوە نەکردووە پێکهاتەی داڕشتنی ئەپەکە هەڵگری ئەم چالاکییانە بێت کە بووەتەوە هۆی ئەوەی ناوبانگێکی زۆر لە دەست بدەین.” ئاماژە بەوەش دەدات وەشانی نوێی ئەپەکە لەسەر ماڵپەڕی خۆیان ئامادەیە کە بە دوورە لەم چالاکییە فێڵاوییانە.

ڕێنمایی Kitn و لێکۆڵەرەوان بۆ بەکارهێنەرانی ئەندرۆید ئەوەیە، ئەگەر ئەم ئەپەیان لەسەر مۆبایلەکەیان داگرتووە بیسڕنەوە و خۆیان لێی بە دوور بگرن، بە پێی زانیاری ئێمە بەکارهێنەرێکی زۆری ئەپەکە لە کوردستان هەن، بە سڕێنەوەی ئەپەکە چالاکییەکانی مۆبایلەکەیان باشتر دەکەن و بە دوور دەبن لە هەر ڕیکلام و زیانەواڵەیەکی فێڵاویی ئەپەکە.

سەرچاوە Forbes
بۆچونی تۆ