ئای ئۆ ئێس 20, تشرینی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ داوا لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپادە کۆنەکان دەکات تاوەکو وەشانەکانیان نوێ بکەنەوە بەر لەوەی GPS لەکار بکەوێت

لە ماوەی ڕابردوودا، ئەپڵ وەشانەکانی iOS 9.3.6 و iOS 10.3.4 ـی بۆ ژمارەیەک لە ئایفۆن و ئایپادە کۆنەکان بەردەستکرد بە مەبەستی چاککردنی کێشەیەکی GPS. ئێستا بە فەرمی ئەپڵ داوا لە بەکارهێنەران دەکات وەشانی ئایفۆن و ئایپادە کۆنەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ وەشانە ئاماژەپێکراوەکان.

لە بڵاوکراوەیەکدا لە پەڕەی فەرمی پاڵپشتی ئەپڵ، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە پێویستە بەر لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتوو (11) ـدا، بەکارهێنەرانی iPhone 5 و iPad 4 وەشانەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ وەشانەکانی iOS 10.3.4 و iOS 9.3.6، گەر نا خزمەتگوزاری GPS لەکار دەکەوێت و ئەمەش دەبێتە تێکچوونی سیستەمی ڕێکخستنی کاتژمێر و ڕێکەوت. وەشانە نوێیەکان لە دوای ڕێکەوتە ئاماژەپێکراوەکەش بەردەست دەبن بۆ داگرتن.

سیستەمی GPS بە شێوەیەک کار دەکات کە ژمارەی هەفتەکان لە 0 تاوەکو 1023 دەژمێرێت. کاتێک کە ژمارەکە گەیشتە 1024 و ئامێرەکە بە جوانی پڕۆگرام نەکرابوو تاوەکو ژمارەکە سفر بکاتەوە، ئامێرەکە ناتوانێت کار لەگەڵ GPS ـدا بکات بۆ ڕێکخستنی کاتژمێر و بەروار. بە کورتی، ئەم پڕۆسەیە پەیوەندی بە کاتەوە هەیە. بەڵام بۆ ئەمە هێشتا ڕوودەدات؟ لەبەر ئەوەی کە یەکەم ژمارەی هەفتەی GPS لە ڕێکەوتی 6 ـی 1 ـی 1980 ـدا دەستی پێکرد، وە لە ڕێکەوتی 21 ـی 8 ـی 1999 ـدا ژمارەی هەفتەکان گەیشتن بە 1024 و پێویستی بە نوێکردنەوە هەبوو، ئەمە کۆتایی چەرخی یەکەمی GPS بوو. چەرخی دووەمی GPS لە ساڵی 1999 ـدا دەستی پێکرد و لە ڕێکەوتی 6 ـی 4 ـی ئەمساڵیشدا کۆتایی هات.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ