10
ئەپ و نەرمەکاڵا 22, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

دەنگۆ: ساڵی داهاتوو کۆمپانیای Adobe ئەپی Adobe Illustrator بۆ ئایپاد بەردەست دەکات

ساڵی ڕابردوو، کۆمپانیای Adobe بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەپی ڕاستەقینەی Adobe Photoshop بۆ ئایپاد زیاد دەکات. تاوەکو ئێستا ئەپەکە بەردەست نەکراوە و لە چاوەڕوانیداین، ئەپەکە لە ئێستادا لە دۆخی تاقیکاریدایە و بۆ ژمارەیەک تاقیکار بەردەست کراوە. ئێستا، دەنگۆ هەیە کە کۆمپانیای Adobe ئەپێکی دیکەی خزمەتگوزاری Creative Cloud بۆ تابلێتەکەی ئەپڵ زیاد بکات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg بێت، پێدەچێت کۆمپانیای Adobe ئەپی Adobe Illustrator بۆ تابلێتی ئایپاد لە کۆنفڕانسی Adobe Max نمایش بکات کە وا بڕیارە لە سەرەتاکانی مانگی داهاتوودا دەستپێبکات. پێگەکە ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەپەکە خاوەن دەیان تایبەتمەندی بێت کە Illustrator لە دیسکتۆپدا هەیەتی، بە هەمان شێوەی ئەپی Adobe Photoshop بۆ ئایپاد.

بەهەرحاڵ، چاوەڕوان دەکرێت ئەپی Adobe Illustrator لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئامێری ئایپادی ئەپڵ بەردەست بکرێت، هەروەها ڕەنگە کۆمپانیاکە وەشانێکی نوێ لە ئەپی Adobe Photoshop بۆ ئامێری ئایپاد نمایش بکات و بە فەرمی بۆ بەکارهێنەرانی ئامێرەکەی بەردەست بکات.

کۆنگرەی Adobe Max لە ڕێکەوتی 2 ـی مانگی داهاتوو دەست پێدەکات و وا بڕیارە تاوەکو 6 ـی هەمان مانگ بەردەوامی هەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ