ئەپڵ 4, شوبات 2020

ئەپڵ ماڵپەڕی iCloud.com ـی نوێکردەوە و ئێستا باشتر دەردەکەوێت لە مۆبایلەکاندا

ئەپڵ ماڵپەڕی iCloud.com ـی تایبەت بە خزمەتگوزاری هەوری iCloud ـی نوێکردەوە و ئێستا زۆر باشتر لە جاران دەردەکەوێت و بە ئاسانی بەکار دەهێندرێت لە مۆبایلەکاندا.

لە پێشتردا ماڵپەڕەکە لە مۆبایلدا دەکرایەوە، بەڵام لەگەڵ وێبگەڕی مۆبایلەکاندا گونجاندنی نەبوو و ماڵپەڕەکە بە شێوەیەکی پڕاوپڕ و بە قەبارەی دیسکتۆپ بەدیار دەکەوت. لە ڕووکارە نوێیەکەی ماڵپەڕەکەدا بۆ مۆبایل، دەتوانرێت بە ئاسانی هەریەکە لە بەشەکانی Notes و Photos و Reminders و Find My iPhone بکرێنەوە و ڕووکاری بەشەکانیش دەقاودەق وەکو ئەپی بەشە ناوبراوەکان لە سیستەمەکانی ئەپڵدا دەردەکەون. هەروەها زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت زانیارییەکانی نێویان ببیندرێن و دەستکاری بکرێن.

ئەم ڕووکارە نوێیەی ماڵپەڕی خزمەتگوزارییەکە بۆ مۆبایل، بە تایبەتی بە سوودە بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی Android کە خزمەتگوزارییەکانی وەکو Apple Notes ـی ئەپڵ بەکاردەهێنن بۆ ئاسانکردنی کارەکانیان.

ڕووکارە نوێیەکەی iCloud.com لێرەوە بەدەست دەهێندرێت و لە ئێستادا ڕووکارە نوێیەکەی ماڵپەڕەکە بە تەنها بۆ بەشەکانی Notes و Photos و Reminders و Find My iPhone بەردەستە. هەرچی دەربارەی بەشەکانی دیکەی وەک Contacts و Calendar و iWork ـە، تاوەکو ئێستا ڕووکارەکەیان بۆ بەردەست نەکراوە لە مۆبایلدا، بەڵام ئەگەر زۆرە لە داهاتوودا بۆ ئەمانیش زیاد بکرێت.

بۆچونی تۆ