ئەندرۆید 22, تشرینی یه‌كه‌م 2019

فەرمی: وەشانی Android 10 بەڕێوەیە بۆ مۆبایلەکانی گالەکسی Note 10 و Note 10 Plus

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای سامسۆنگ بە فەرمی دەستیکرد بە بەردەستکردنی وەشانی 2.0 ـی ڕووکاری One UI ـی تاقیکاری بنچینەکراو لەسەر Android 10 بۆ هەریەکە لە مۆبایلەکانی گالەکسی S10 و S10 Plus و S10e. هەرچەندە پێشبینی دەکرا کە زنجیرەی گالەکسی Note 10 ـیش لە لیستەکەدا بوونایە، بەڵام بەداخەوە وا نەبوو.

لە بڵاوکراوەیەکی فەرمی پەڕەی پاڵپشتی ماڵپەڕی فەرمی سامسۆنگدا، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەشانی 2.0 ـی ڕووکاری One UI ـی تاقیکاری بنچینەکراو لەسەر Android 10 بۆ هەریەکە لە مۆبایلەکانی گالەکسی Note 10 و Note 10 Plus و Note 10 5G و Note 10 Plus 5G بەردەست دەکرێت.

سامسۆنگ ڕێکەوتی بەردەستکردنی وەشانەکەی بۆ مۆبایلەکانی گالەکسی Note ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێناچێت ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و ڕەنگە لە ئەم مانگەدا بەردەست بکرێت. وەشانە نوێیەکە هەردوو جۆری ڕایەڵە کراوە و نەکراوەی مۆبایلەکان دەگرێتەوە و بەژداریکردن لە ڕێگەی ئەپی Samsung Members ـدا دەبێت هەرکات کە وەشانەکە بەردەست کرا.

وەشانی 2.0 ـی ڕووکاری One UI ـی تاقیکاری بنچینەکراو لەسەر Android 10 خۆی دەبینێتەوە لە هەبوونی چەندین گۆڕانکاری لە ڕووکاردا، لەوانە؛ بچووککردنەوەی نیشاندەری ئاستی دەنگ، زیادکردنی دۆخی تاریک (Dark mode) بۆ پەڕەی ماڵەوە، زیادکردنی دۆخی سەرنج (Focus mode) و زیاتر.

سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ