ئای ئۆ ئێس 26, ئازار 2020

لەمەودوا دەتوانیت ئایفۆنەکەت لە کۆمپیوتەرەکانی Dell ـەوە کۆنتڕۆڵ بکەیت

ئەگەر بەکارهێنەری ئایفۆنیت و کۆمپیوتەرێکی مۆدێرنی براندی Dell بەکاردەهێنیت، لەمەودوا دەتوانیت ئایفۆنەکەت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت کۆنتڕۆڵ بکەیت.

کۆمپانیای Dell وەشانی ژمارە 3 ـی لە ئەپی Dell Mobile Connect بەردەستکرد، کە تێیدا ڕێگە دەدات ئایفۆنەکەت پەیوەستی کۆمپیوتەرە Dell ـەکان بکەیت و ڕوونمای ئایفۆنەکەت بۆ دەگوازێتەوە سەر ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەت. لە ڕێگەی ئەپەکەوە دەتوانیت بە تەختەکلیل و ماوسی کۆمپیوتەرەکەت ئەپەکانی ئایفۆن بەکاربهێنیت. تەنانەت دەتوانیت وێنە و ڤیدیۆکان لە نێوان هەردوو ئامێرەکە هاوبەشی پێ بکەیت و هەر لە کۆمپیوتەرەکەت کورتەنامەکان بنێریت بە بێ ئەوەی پێویست بکات ئەپی iMessage لە ئایفۆنەکەت بکەیتەوە.

بۆ ماوەی چەند ساڵێکە ئەپی ناوبراو پشتگیری لە سیستەمی Android دەکات و دەتوانیت ڕوونمای مۆبایلە کارکردووەکانی سیستەمە ناوبراوەکە بگوازیتەوە بۆ کۆمپیوتەرەکەت و کۆنتڕۆڵی بکەیت. بە هەرحاڵ، لە iOS سنووردارکردنی گواستنەوەی پەڕگەکان لە ئەپەکە بوونی هەیە و تەنها دەتوانرێت وێنە و ڤیدیۆکان بگوازرێنەوە، لە کاتێکدا لە Android ئەمە بوونی نییە و دەتوانرێت میوزیک و بەڵگەنامەییەکانیش بگوازرێنەوە.

کۆمپانیای Dell تاکە کۆمپانیا نییە کار لەسەر ئەپی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی مۆبایلەکان دەکات لە کۆمپیوتەرەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بۆ چەند ساڵێکە خاوەن ئەپی Your Phone ـە، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتگیری لە Android دەکات و کار لەسەر زیادکردنی پشتگیری iOS ـیش دەکات هاوشێوەی Dell.

بۆ بەکارهێنانی ئەپی Dell Mobile Connect، پێویستە مۆدێلی کۆمپیوتەرە Dell ـەکەت 2018 و نوێتر بێت، هەروەها وەشانی ئایفۆنەکەت iOS 11 و نوێتر بێت.

  • Dell Mobile Connect
    دابەزاندن
  • سەرچاوە The Verge
    بۆچونی تۆ