10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 28, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

بە فەرمی ئەپڵ بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro ـی بە نرخی 249$ ـەوە ڕاگەیاند

بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro ـی وەکو نەوەی سێیەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods بە نرخی 249$ ـەوە ڕاگەیاند.

بیستۆکی بێوایەری نوێی AirPods Pro خاوەن درێژییەکی کەمترە بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی، لە شوێنی بڵدنگۆیەکانیەوە خاوەن ماددەیەکی سلیکۆنییە کە یارمەتی کارکردنی تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Cancellation) دەدات. خاوەن تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Cancellation) ـە کە لە ڕێگەی وەرگر (مایکرۆفۆن) ـێکی ناوەکییەوە ژاوەژاوەکانی چواردەور ناهێڵێت.

هەروەها خاوەن تایبەتمەندییەکی نوێیە بە ناوی Transparency mode کە دەنگەکانی چواردەور نزیک دەکاتەوە و دەتوانیت باشتر گوێت لە چواردەورت بێت. کاراکردن و گۆڕینی تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Cancellation) و Transparency mode لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ سەنتەری ئایفۆن یاخود پەنجە بردن لەسەر لایەکی بیستۆکەکەوە ئەنجام دەدرێت.

بیستۆکە بێوایەرە نوێیەکەی ئەپڵ خاوەن بڕوانامەی IPX4 ـە، بەو مانایەی بەرگەگرتنی بەرامبەر بە ئاو و تۆز هەیە. هەروەها خاوەن پاترییەکە کە بەرگەی 5 کاتژمێر لە گوێگرتنی بەردەوام دەگرێت و بەرگەی 4 کاتژمێر و 30 خولەک لە کارکردنی تایبەتمەندی نەهێشتنی ژاوەژاو (Noise Cancellation) دەگرێت. بەرگەکەی توانای دەبێت وزەی بەشی 24 کاتژمێر پێ بدات.

سەبارەت بە جۆرایەتی دەنگ، خاوەن تایبەتمەندییەکی نوێیە Ear Tip Fit Test کە ئەزموونێکی باشتری دەنگ دەدات بە گوێگر. بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro خاوەن چیپی H1 ـە و دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە یاریدەدەری دەنگی Siri لە ڕێگەی وتنی Hey Siri ـەوە کارا بکرێت و سوود لە تایبەتمەندییەکانی هاوبەشیپێکردنی دەنگ (Audio Sharing) و Announce Messages with Siri وەربگیرێن.

بە هۆی ئەوەی کە درێژی بیستۆکەکان کەم کراونەتەوە، بەرگەکەشی بچووکتر کراوەتەوە لە چاو نەوەکانی پێش خۆی. بەرگی بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەر دەکات و لە نێو پاکەتەکەیدا بارگاویکەرەوەی Lightning بۆ USB-C بوونی هەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە بەرگەکەی خاوەن دەرچەی جۆری Lightning ـە نەوەک USB-C. بە هەمان شێوەی نەوەکانی پێش خۆی، تەنها خاوەن بژاردەی ڕەنگی سپییە.

لە ئێستاوە بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro بەردەستە بۆ کڕین بە نرخی 249$ بە شێوەی داواکاری پێشوەختە لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ و لە ڕێکەوتی 30 ـی ئەم مانگەشدا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن و ڕەوانەی کڕیارە پێشوەختەکان دەکرێت. بۆ کارپێکردنی بیستۆکە بێوایەرەکە، وەشانی iOS 13.2 و نوێتر پێویست دەکات.

تاگەکان AirPods AirPods Pro ئەپڵ
بۆچونی تۆ