10
مایکرۆسۆفت 5, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ڕێکەوتی بەردەستکردنی وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر Chromium بە وێنۆچکەی نوێوە ئاشکرا کرا

لە پاش چەند مانگێک کارکردن لەسەر داڕشتنەوەی وێبگەڕی Microsoft Edge لەسەر وێبگەڕی سەرچاوە کراوەی Chromium ـی گووگڵ، وا دیارە کارەکانی بە کۆتا هاتووە و ئامادەیە بۆ بەردەستکردن.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە فەرمی ڕایگەیاند کە وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر Chromium ـی گووگڵ لە ڕێکەوتی 15 ـی مانگی 1 ـی ساڵی داهاتووەوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی سیستەمەکانی Windows 10 و Windows 8 و Windows 7 و macOS بەردەست دەکرێت. لە ئێستادا مایکرۆسۆفت وەشانی “release candidate” ـی تاقیکاری لە وێبگەڕەکە بەردەست کردووە کە دواین وەشانی تاقیکاری دەبێت تا ئەو کاتەی بە فەرمی بەردەست دەکرێت.

ئەمەش لە دوای چەند مانگێک بەسەر بەردەستکردنی وەشانی تاقیکاری وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر Chromium ـی گووگڵ دێت، ئێستا مایکرۆسۆفت بەڵێن دەدات لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا وەشانی جێگیری وێبگەڕەکە بەردەست بکات. ئەم وێبگەڕە داڕێژراوە نوێیەی مایکرۆسۆفت پشتگیری لە هاودەمیکردنی تایبەتمەندییەکانی تێپەڕەوشەکان، مێژووەکان، دڵخوازەکان و ڕێکخستنەکان بە فراوانی لەسەر سیستەمەکانی Windows و macOS و iOS و Android دەکات. هەروەها، خاوەن وێنۆچکەیەکی سەرەکی نوێیە و چیدیکە لە وێنۆچکەی وێبگەڕی کۆنی Internet Explorer ناچێت.

ئەگەر تاوەکو ئێستا ئاشنای پەڕەی سەرەکی وێبگەڕە نوێیەکە نەبوویت، ئەمە ڕووکارەکەیەتی.

لە ئێستادا وەشانی تاقیکاری وێبگەڕەکە بەردەستە و دەتوانیت کرتە لێرە بکەیت بۆ داگرتنی.

بۆچونی تۆ