10
ئای ئۆ ئێس 10, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ئامرازی Checkra1n بۆ جەیڵبرەیک کردن بە پشتگیری لە وەشانی iOS 12.3 و نوێتر و iPhone 5S تاوەکو iPhone X بەردەستکرا

لە پاش هەبوونی کۆمەڵێک دەنگۆی جیاواز لەسەر ئامرازێکی نوێی جەیڵبرەیککردن بە ناوی Checkra1n، ڕۆژی هەینی هاککەری بە توانا Luca Todesco لە کۆنگرەی POC2019 لە شاری سیۆلی کۆریای باشوور وتاری پێشکەش کرد و ئامرازی تایبەت بە جەیڵبرەیککردنی Checkra1n ـی ڕاگەیاند. ئێستا وەشانی تاقیکاری ئامرازەکە بەردەستکرا بۆ وەشانی iOS 12.3 و نوێتر و ئامێری iPhone 5S تاوەکو iPhone X.

ئەو کارەی ئامرازی Checkra1n دەیکات، تاوەکو ئێستا هیچ ئامرازێکی دیکەی جەیڵبرەیک توانای ئەنجامدانی نەبووە، ئەویش ئەوەیە کە ئەپڵ هەرگیز ناتوانێت بە نوێکاری سیستەم ئەو کەلێنە دابخات کە ئامرازی Checkra1n لە ڕێگەیەوە کرداری جەیڵبرەیک ئەنجام دەدات، چونکە کەلێنەکە پەیوەندی بە ڕەقەکاڵاوە هەیە نەوەک نەرمەکاڵا. ئامرازی Checkra1n توانای جەیڵبرەیک کردنی ئەو ئامێرانەی هەیە کە پڕۆسێسەری A5 تاوەکو A11 ـی ئەپڵیان لەسەر جێگیرە (iPhone 5S تاوەکو iPhone X و ژمارەیەک لە ئایپادەکان).

Luca Todesco ـی گەشەپێدەری ئامرازەکە بە پەرۆشەوە سەرقاڵی کارکردنە لەسەر ئامرازەکە، هەر بۆیە پێدەچێت تاوەکو ماوەیەکی زۆر درێژ گەشە بەو ئامرازە بە توانایە بدرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت (گرنگ):

لە ئێستادا ئامرازی Checkra1n لە وەشانی تاقیکاری 0.9 ـدایە و وەشانە تاقیکارییەکانیش تایبەتن بە گەشەپێدەران و بۆ هەمووان نین، کەی ئای تی ئێن هەرگیز پێشنیازت بۆ ناکات کە لە ئێستادا ئامرازەکە تاقی بکەیتەوە، تەنانەت ستافی خۆشمان تاوەکو ئێستا ئامرازەکەیان تاقی نەکردۆتەوە و نازاندرێت کە تا چەندێک سەلامەتە بۆ بەکارهێنان یاخود تاقیکردنەوە.

لەم ساتەدا، ئامرازەکە پشتگیری لە جەیڵبرەیککردنی iPhone 5S تاوەکو iPhone X و ژمارەیەک لە ئایپادەکان دەکات کە لەسەر وەشانی iOS 12.3 و نوێتر کار دەکەن. هەندێک لە ئایپادە پشتگیرکراوەکان بریتین لە iPad Air 2 و نەوەی پێنجەمی iPad و نەوەی یەکەمی iPad Pro. جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئامێرەکانی iPhone 5s و iPad mini 2 و iPad mini 3 و iPad Air بە شێوەیەکی ڕێک و پێک لەگەڵ جەیڵبرەیکەکەدا کار دەکەن.

iPhone XS و نوێتر پشتگیری لە جەیڵبرەیکەکە ناکەن، چاوەڕوانیش ناکرێت پشتگرییان بۆ زیاد بکرێت، چونکە وا دیارە ئەپڵ چارەسەری کەلێنی ڕەقەکاڵاکەی کردووە لەم ئایفۆنە نوێیانەی دوایدا.

لە ڕووی جەیڵبرەیک کردنەوە، ئەم ئامرازە کەمێک جیاوازە، چونکە هەموو جارێک بۆ جەیڵبرەیک کردن پێویست دەکات لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە ئەنجام بدرێت و لە ناوخۆی مۆبایلەکەوە کرداری جەیڵبرەیککردن ئەنجام نادرێت، هەروەها لە کاتی کوژاندنەوە و هەڵکردنەوەی ئامێرەکە، جەیڵبرەیکەکە لە کار دەکەوێت.

بۆ جەیڵبرەیک کردن، لە ئێستادا تەنها دەتوانرێت لە ڕێگەی سیستەمی macOS ـەوە ئەنجام بدرێت و پشتگیری لە Windows و Linux ناکات، بەڵام لە زاری خۆیانەوە بێت، کار لەسەر زیادکردنی پشتگیری ئەو دوو سیستەمە وەگەڕخەرەی دیکەش دەکەن.

ئەگەر دەتەوێت ئامرازەکە دابگریت، کرتە لێرە بکە. بەڵام دووپاتی دەکەینەوە، پێشنیازت بۆ دەکەین کە لە ئێستادا ئامرازەکە بەکارنەهێنیت، تاوەکو ئەو کاتەی فێرکاری جەیڵبرەیک کردن لە ڕێگەی ئامرازەکەوە دەکەین بە بابەتێک و بڵاوی دەکەینەوە.

بۆچونی تۆ