10
ئای ئۆ ئێس 21, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

دەنگۆ: ئەپڵ زیاتر سەرنج دەخاتە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی iOS لە وەشانی iOS 14 ـدا

وەشانی iOS 13 پڕکێشەترین وەشانی iOS بووە تاوەکو ئێستا. نوێکارییە یەک لە دوا یەکەکانی وەشانەکە لە ماوەی ڕابردوودا، بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆد و ئایپادەکانی بێزار کردبوو. دەنگۆ هەیە کە ئەپڵ زیاتر سەرنج بخاتە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی iOS لە وەشانی iOS 14 ـدا.

لە ڕاپۆرتێکدا، پێگەی Bloomberg ئاشکرای دەکات کە ئەپڵ ستافێکی لە گەشەپێدەرانی خۆی درووست کردووە تاوەکو ڕۆژانە کار لەسەر وەشانەکانی iOS بکەن و و دڵنیا ببنەوە لە وەشانەکان، بە مەبەستی نەهێشتنی وردە کێشە و کەلێنەکانی سیستەمەکە. هەروەها تاقیکارانی سیستەمەکە ڕێگەیان پێ دەدرێت تایبەتمەندییە نوێیەکان ناکارا بکەن. یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەپڵ تاوەکو باشتر کۆدە زیانبەخشەکان بدۆزێتەوە.

هەریەکە لە کۆمپانیاکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت و زۆری دیکە، بۆ ماوەیەکی زۆرە ستافی تایبەتیان هەیە تاوەکو سەرنج بخەنە سەر وەشانە تاقیکارییەکانی نەرمەکاڵا و سیستەمەکانیان. ئەم کردارەی ئەپڵ سەرجەم سیستەمەکانی کۆمپانیاکە دەگرێتەوە، بەڵام ڕەچاوی زیاتری iOS دەکرێت، بە هۆی ئەوەی کە وەشانی iOS 13 پڕکێشەترین وەشانی iOS بووە لەو کاتەوەی لە مانگی 9 ـی ئەمساڵدا بەردەستکرا، بە شێوەیەک کە ئەپڵ لە ماوەی تەنها 2 مانگدا، 8 وەشانی نوێی لە سیستەمەکە بەردەست کردبوو.

گرنگترین کێشەکانی iOS 13 لەم ماوەیەی دوایدا، بریتی بوو لە کێشەی دەرچوونی لە ناکاوی ئەپەکان، کەمکردنەوەی فراوانی ڕام، ناجێگری دۆخی تاریک (Dark Mode) و تەنانەت لەبیرچوونی چەند تایبەتمەندییەکیش.

پێگەکە ئاماژەی بەوە نەداوە کە بە دیاریکرداوی چ شتێک بۆ وەشانی iOS 14 زیاد دەکرێت، بەڵام بێگومان ئەپڵ سەرنجەکانی دەخاتە سەر جێگیری وەشانەکە. تەنانەت ئەم کردارە یارمەتی ئەپڵ دەدات تاوەکو وەشانە تاقیکارییەکانی iOS ـیش بێکێشە ببن لە پاڵ وەشانە گشتییەکان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ