شاومی
26, ئەیلوول 2023
زنجیرە مۆبایلی Xiaomi 13T نمایش کرا : نوێکراوەتەوە

پاش چەندین دەنگۆ و هەواڵی دزەپێکراو، دواجار شاومی ئەمڕۆ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆنگرەی بەست و نوێترین بەرهەمەکانی نمایش کرد. لە نێو بەرهەمە نمایش کراوەکان، زنجیرە مۆبایلی Xiaomi 13T بەرهەمی سەرەکی بوو.
Xioami 13T Pro
جۆری پرۆ باشترینی زنجیرەکەیە. ڕوونمایەکی قەبارە 6.67 ئینجی لە جۆری OLED بە پانێڵی OLED و ڕوونی 1.5K و تێکڕای نوێبوونەوەی 144 هێرتز و ڕووناکی تاوەکو 2,600 نیت لە خۆ دەگرێت و بە پارێزەری Gorilla Glass Victus ڕووپۆش کراوە. چیپسێتی 4 نانۆمەتری Mediatek Dimensity 9200 Plusی لەسەر جێگیر کراوە کە بەهێزترینی میدیاتێکە لە ئێستادا.
گەورەترین شلەی ساردکەرەوەی تێدا جێگیر کراوە لە مێژووی کۆمپانیای شاومیدا و ڕووبەرەکەی 5000ملم² ـیە.

بۆ یەکەمین جار لە زنجیرەی T، کامێرا بە هاوبەشی کۆمپانیای لایکای ئەڵمانی پەرەی پێدەدرێت. کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە بە هەستەوەری Sony IMX707 کە پشتگیری لە 10bit RAW و OIS دەکات، هەروەها پشتگیری لە 10bit LOG دەکات و توانای هەیە بە ڕوونی 8K ڤیدیۆ تۆمار بکات و پشتگیری لە +HDR10 ـیش دەکات، کامێرای تێلەفۆتۆ بە ڕوونی 50 مێگاپێکسڵ لە خۆ دەگرێت و دەتوانیت بە 35,50,90ملم وێنە بچرکێنیت، لەگەڵ کامێرای گۆشە فراوان بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ.

کامێرای سێڵفی ڕوونی 20 مێگاپێکسڵە. بۆ یەکەمین جار لە زنجیرەی T ـدا مۆبایلێک خاوەن بڕوانامەی IP68 ـە بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز و ئەویش مۆبایلی Xiaomi 13T Pro ـیە.
پاترییەکی قەبارە 5,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێری لە خۆ دەگرێت و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 120 وات دەکات. بیرگەکەی لە جۆری UFS 4.0 ـە و تاوەکو بژاردەی 1 تێرابایت بەردەستە، لەگەڵ ڕام لە جۆری LPDDR5x کە تاوەکو بژاردەی 16 گێگابایت بەردەستە.

کار بە ڕووکاری بەکارهێنەری MIUI 14 بنەچەکراو لەسەر ئەندرۆید 13 دەکات و 4 نوێکردنەوەی ئەندرۆید و 5 ساڵ نوێکردنەوەی ئاسایشی مانگانەی پێدەگات.
نرخی مۆبایلەکە لە 799 یۆرۆوە دەست پێدەکات لە بازاڕەکانی ئەورووپا بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت.
چاوەڕوان بن شاومی ڕۆژی 28ی ئەم مانگە کۆنگرە لە کوردستان دەبەستێت و نرخی بۆ بازاڕەکانی کوردستان ئاشکرا دەکات، وەک هەمیشە کەی ئای تی ئێن لەوێ دەبێت و تەواوی زانیارییەکانتان بۆ دەخاتە ڕوو.
Xiaomi 13T
جۆری ئاسایی گۆڕانکاری باشی تێدا کراوە. ڕوونمایەکی قەبارە 6.36 ئینجی لە جۆری OLED بە پانێڵی OLED و ڕوونی 1.5K و تێکڕای نوێبوونەوەی 144 هێرتز و ڕووناکی تاوەکو 2,600 نیت لە خۆ دەگرێت و بە پارێزەری Gorilla Glass 5 ڕووپۆش کراوە. چیپسێتی 4 نانۆمەتری Mediatek Dimensity 8200 Ultraی لەسەر جێگیر کراوە.
بۆ یەکەمین جار لە زنجیرەی T، کامێرا بە هاوبەشی کۆمپانیای لایکای ئەڵمانی پەرەی پێدەدرێت. کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە بە هەستەوەری Sony IMX707 و پشتگیری کردن لە OIS، هەروەها کامێرای تێلەفۆتۆ بە ڕوونی 50 مێگاپێکسڵ لە خۆ دەگرێت و دەتوانیت بە 50ملم وێنە بچرکێنیت، لەگەڵ کامێرای گۆشە فراوان بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ. کامێرای سێڵفی ڕوونی 20 مێگاپێکسڵە.

پاترییەکی قەبارە 5,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێری لە خۆ دەگرێت و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 67 وات دەکات. مۆبایلەکە خاوەن بڕوانامەی IP68 ـە، بیرگەکەی لە جۆری UFS 3.1 ـە و تاوەکو بژاردەی 256 گێگابایت بەردەستە، لەگەڵ ڕام لە جۆری LPDDR5 کە تاوەکو بژاردەی 12 گێگابایت بەردەستە.
کار بە ڕووکاری بەکارهێنەری MIUI 14 بنەچەکراو لەسەر ئەندرۆید 13 دەکات و 4 نوێکردنەوەی ئەندرۆید و 5 ساڵ نوێکردنەوەی ئاسایشی مانگانەی پێدەگات.
دووانە بڵندگۆی ستێریۆ بە پشتگیری Dolby Atmos لە خۆ دەگرێت.

نرخی مۆبایلەکە لە 649 یۆرۆوە دەست پێدەکات لە بازاڕەکانی ئەورووپا بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت.

نرخی مۆبایلەکە لە کوردستان و عێراق بۆ جۆری 13T و بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 409 دۆلار و بۆ جۆری 13T Pro بۆ بیرگەی جۆری 512 گێگابایت و ڕامی 12 بریتییە لە 529 دۆلار. هەردووکیان دەستبەندی زیرەکی Xioami Smart Band 7 و Coffee Cup ـێک لەگەڵیان دیارییە و لە ڕۆژی 1ی مانگی داهاتوو بەردەست دەبێت.
نوێکراوەتەوە: نرخ و کاتی بەردەست بوونی مۆبایلەکان بۆ کوردستان و عێراق ئاشکرا کران.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.