ئەپڵ
22, تشرینی دووهم 2019
ئەپڵ هەرچی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی بەرهەمەکانی هەیە لەسەر کۆگای سەرهێڵی خۆی سڕیەوە

ئەپڵ بەشی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەکانی Ratings & Reviewsـی لەسەر تەواوی پەڕی بەرهەمەکانی لەسەر کۆگای سەرهێڵی خۆی سڕییەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەرچی سەرەنج و هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە هەیە هی پێشتر نەتواندرێت ببیندرێن و لەمەودواش هیچ بەکارهێنەرێکی تر نەتوانێت سەرەنج و هەڵسەنگاندن بنوسێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە سەرەتادا تەنها ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوسترالیای گرتەوە، بەڵام دواتر لە هەموو جیهان لەسەر کۆگاکانی سەرهێڵی ئەپڵ Ratings & Reviews بوونیان نەما.
ئەم هەنگاوەی ئەپڵ جێگەی پرسیارە چونکە پێشتر تەنانەت سەرەنجی نەرێنیشی نەدەسڕیەوە، بەڵام ئێستا تەواوی بەشەکەی لابردووە و ئەمەش پڕۆسەی ڕۆشنی (شەفافیەت)ـی ئەپڵ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
شایەنی باسە، لەم دواییانە ماکبووک پڕۆی 16 ئینجی و بەرنامە نوێیەکانی سەر ئەپڵ تی ڤی سەرەنج و هەڵسەنگاندنی زۆر نەرێنیان لە لایەن بەکارهێنەرانەوە لەسەر کۆگای ئەپڵ بۆ نوسرابوو و دەکرێت ئەمانە هۆکار بن بۆ لابردنی ئەم بەشە بە تەواوی.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، بەشی هەڵسەنگاندنی و پێداچونەوەکان سودێکی باشیان هەبوو بۆ بەکارهێنەران چونکە لە ڕێگەیانەوە دەتواندرا ئاست و باشی و خەراپی بەرهەمەکان لە دەمی بەکارهێنەرانەوە بزاندرێت. یەک لەو بەرهەمانەشی ڕەخنە و سەرەنجی زۆری لەسەر نوسراوە دۆنگڵی Lightning to Audio Jack 3.5mmـە کە دەگاتە 700 سەرەنج و هەڵسەنگاندن.
ئێستاش ئەگەر بەکارهێنەرێک بیەوێت هەڵسەنگاندن و سەرەنجی بەکارهێنەران لەسەر بەرهەمەکانی ئەپڵ بزانێت، پێویستە سەردانی کۆگا گەورە جیهانییەکانی وەکو ئەمەزۆن و ئیبەی و هاوشێوەکانیان بکات.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!