10
ئەپڵ 22, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

دۆناڵد ترەمپ داوای لە تیم کوک کردووە تاوەکو یارمەتی بنیادنانی 5G بدات لە ئەمریکادا

لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای ئەپڵ دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی کۆمپیوتەری Mac Pro لە وڵاتی دایک، ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داواکارییەکی سەیری لە تیم کوکی بەڕێوەبەری گشتی ئەپڵ کرد.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جریوەیەکدا کە دوا نیوەڕۆی دوێنێ بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند کە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کارگەی بەرهەمهێنانی کۆمپیوتەری Mac Pro لە شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، لە نزیکەوە داوای لە تیم کوکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ کردووە تاوەکو کۆمپانیای ئەپڵ هاوکار بێت لە بنیادنانی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

وەرگێڕانی جریوەکەی دۆناڵد ترەمپ:

لە میانەی سەردانەکەی دوێنێمدا بۆ شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساس بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی Mac Pro ـی نوێ و گفتوگۆکردن دەربارەی کامپێکی نوێی 1 ملیار دۆلاری، داوام لە تیم کوک کرد تاوەکو وا لە ئەپڵ بکات یارمەتیدەر بێت بۆ بنیادنانی 5G لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوان (ئەپڵ) پارە، تەکنەلۆژیا، ئاسۆ و تیم کوکیان هەیە!

داواکارییەکەی ترەمپ بە شێوەیەک سەیرە، کە شایەنی بیر لێکردنەوەش نییە. چونکە کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپانیایەکی ڕایەڵەی پەیوەندی و بەرهەمهێنەری پەیوەندی نییە.

ئەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن هاوکار بن لە بنیادنانی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، کۆمپانیاکانی Verizon و AT&T و T-Mobile و Sprint ـی تایبەت بە پەیوەندین، نەوەک کۆمپانیایەکی وەکو ئەپڵ. ئەو 4 کۆمپانیا ناوبراوە دەتوانن بورجی پەیوەندی لە سەرتاسەری ئەمریکادا دابین بکەن بۆ فراوانکردنی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G.

ئەگەر ترەمپ مەبەستی لە بەردەستکردنی تەکنەلۆژیای 5G بووبێت لە ئایفۆنەکاندا، بە هەمان شێوە ئەم بیرۆکەیەش ڕێی تێ ناچێت. چونکە ئەگەر تەنانەت ئەپڵ سبەینێ ئایفۆنێکی 5G بەردەست بکات، ناتوانێت نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لە تەواوی ئەمریکادا فراوان بکات، وەڵامی کورت ئەوەیە کە ئەمە کاری کۆمپانیاکانی تایبەت بە پەیوەندییە و ئەوان دەتوانن باشتر ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنن.

بۆچونی تۆ