ئۆتۆمبێل 25, تشرینی دووه‌م 2019

ئیڵۆن مەسک ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی شووشەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Cybertruck لەسەر سەکۆ شکا

لە ڕۆژی هەینیدا، کۆمپانیای Tesla بە سەرکردایەتی ئیڵۆن مەسکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ـی ڕاگەیاند.

لە کاتی نمایشکردنی بارهەڵگرە کارەباییەکەدا، یەکێک لە ئەندامانی کۆمپانیای Tesla بە ناوی Franz von Holzhausen بۆ تاقیکردنەوەی خۆڕاگری شووشەی بارهەڵگرە کارەباییەکە، بە خۆیی و تۆپێکی قورسەوە هاتە سەر سەکۆ. Franz دەستیکرد بە تاقیکردنەوەکە و لەگەڵ یەکەم تاقیکردنەوەدا شووشەی بارهەڵگرە کارەباییەکە شکا، لە پاشان تاقیکردنەوەیەکی دیکەی لەسەر شووشەیەکی دیکەی بارهەڵگرە کارەباییەکە ئەنجامدا، بەڵام دووبارە ئەو شووشەیەش شکا. لەو کاتەدا، لە دەموچاوی ئیڵۆن مەسکدا بە ئاسانی بەدیار دەکەوت کە لە دڵی خۆیدا دەیگوت (ئەی هاوار خوایە!). بەڵام بەر لەم تاقیکردنەوەیە، تاقیکردنەوەیەکی سەخت لەسەر دەرگاکانی ئۆتۆمبێلەکە لە ڕێگەی چەکوشەوە ئەنجامدرا.

بەڵام ئیڵۆن مەسک هەر زوو درکی کرد کە چی ببووە هۆکاری شکاندنی شووشەکانی بارهەڵگرە کارەباییەکە لەسەر سەکۆ، ئەمڕۆ لە تویتەر شتەکانی ڕوون کردەوە. ئیڵۆن مەسک ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەی چەکوش لەسەر دەرگاکانی بارهەڵگرە کارەباییەکە بەر لە تاقیکردنەوەی تۆپی قورس لەسەر شووشە، بووە هۆی ئەوەی کە لە پاشاندا شووشەکان بە هۆی تۆپەکەوە بشکێن. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە تۆپەکە بە شێوەیەکی بازدان نەگەڕایەوە دواوە لە دوای بەرکەوتنی بە شووشەکان.

لە پاش ئەمەش، ئیڵۆن مەسک ڤیدیۆیەکی لە تویتەردا تایبەت بە تاقیکردنەوەی خۆڕاگری شووشەی بارهەڵگرە کارەباییەکە بڵاوکردەوە کە لە لایەن هەمان ئەو کەسەوە تاقیکردنەوەکە ئەنجامدرا، کە لەسەر سەکۆ تاقیکردنەوە شکستخواردووەکەی ئەنجامدابوو. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە تۆپەکە بە شێوەیەکی باشتر لە دوای بەرکەوتنی بە شووشەکەوە، دەگەڕێتەوە.

بە هەرحاڵ، تاقیکردنەوە سەرنەکەوتووەکەی سەر شووشەی بارهەڵگرە کارەباییەکە لەسەر سەکۆ، بووە هۆی ئەوەی کە باس لەسەر بارهەڵگرە کارەباییەکە گەرمتر بێت. بەڵام، بە لایەنی کەمەوە هۆکاری سەرنەکەوتنی تاقیکردنەوەکە دەزانین، سوپاس بۆ ئیڵۆن مەسک.

هەروەها، ئیڵۆن مەسک خواستی نیشاندا بۆ ڕاگەیاندنی وەشانێکی دیکە لە بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck لە داهاتوودا بە قەبارەیەکی بچووکتر.

بە پێی وتەی ئیڵۆن مەسک بێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200,000 داواکاری پێشوەختەی کڕین بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ئەنجام دراوە، “بەبێ هیچ ڕێکلام و دەرخستنێک”. ڕەنگە هۆکاری مشتومڕی تاقیکردنەوە شکستخواردووەکەی شووشەکەی، هۆکاری زیادبوونی خواست لەسەری بووبێت.

هەروەها خوێنەربە:

بۆچونی تۆ