ئاسایشی ئەلیکترۆنی 21, كانونی دووه‌م 2020

دەنگۆ: ئەپڵ پلانی بە کۆدکردنی باکئەپەکانی iCloud بە هۆی داواکارییەکی FBI هەڵدەوەشێنێتەوە

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Reuters بێت، دەنگۆ هەیە کە گوایە ئەپڵ پلانی بە کۆدکردنی باکئەپەکانی iCloud بە هۆی داواکارییەکی دەزگای FBI ـەوە هەڵدەوەشێنێتەوە، بە پاساوی ئەوەی کە ئەو پڕۆسەیە دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمریکییەکەدا.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی پێگەی Reuters بێت، کۆمپانیای ئەپڵ بۆ زیاتر لە 2 ساڵ دەچێت کاری لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندی بە کۆدکردنی جۆری End-to-End دەکرد بۆ باکئەپەکانی خزمەتگوزاری هەوری iCloud، بەڵام بە هۆی فرمانێکی دەزگای FBI ـەوە، ئەپڵ دەستی لە بەردەستکردنی ئەو تایبەتمەندییە هەڵگرتووە.

کارمەندێکی کۆنی دەزگای FBI، کە نەیسویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پێگەی Reuters ـی ڕاگەیاندووە کە گوایە یاسا ئەو پلانەی ئەپڵی بۆ هۆکارێک کە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی درکی پێ بکرێت لە گۆڕ نا.

تایبەتمەندی بە کۆدکردنی جۆری End-to-End، سەرجەم زانیارییەکان دەکات بە کۆد و بەو شێوەیە زانیارییەکان لە ڕاژەکاندا هەڵدەگرێت و تەنها دەتوانرێت لای بەکارهێنەرەوە کۆدی سەر زانیارییەکان لاببرێن، ئەویش بە تەنها داخڵبوونی بۆ نێو هەژمارەکەیەوە. ئەگەر هەر هاککەرێک دزە بکاتە نێو ڕاژەکەوە، زانیارییە هەڵگیراوەکانی بەکارهێنەران بە شێوەی کۆد دەبینێت و ناتوانێت سوود لە هیچیان وەربگرێت بە هۆی ئەوەی لێیان تێ ناگات.

لە ئێستادا خزمەتگوزاری هەوری iCloud تایبەتمەندی بە کۆدکردنی جۆری End-to-End بۆ پاشەکەوتکردنی زانیارییەکانی بەکارهێنەران بەکار ناهێنێت، بەڵکو دەتوانێت زانیارییە هەڵگیراوە بە کۆد کراوەکانی بەکارهێنەران لە خزمەتگوزارییەکەدا لە لایەن خودی خۆشیەوە کۆدەکەی لاببرێن و بە ئاسانی سوود لە زانیارییەکان ببیندرێن، لە کاتێکدا کە لە تایبەتمەندی بە کۆدکردنی جۆری End-to-End تەنها بەکارهێنەر دەتوانێت کۆدی سەر زانیارییەکان لاببات.

ساڵی پار، تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی ئەپڵ لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە باکئەپەکانی iCloud ڕایگەیاند:

بەکارهێنەران کلیلێکیان لایە بۆ لابردنی کۆدی زانیارییەکان و ئێمەش کلیلێکمان لایە بۆ هەمان مەبەست.

بێگومان، تایبەتمەندی بە کۆدکردنی جۆری End-to-End ئاستەنگی زۆر زیاتر دەخاتە بەردەم دەزگای FBI بۆ پەیداکردنی زانیارییەکانی تاوانباران، ئەپڵیش دەیەوێت بە لایەنی کەمەوە لە ڕێگایەکی سەلامەتەوە یارمەتی دەزگا فەرمییەکەی ئەمریکا بدات.

هەر وەک ئەپڵ لە پەڕەیەکی ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا ئاماژەی پێ کردووە، زانیارییەکانی وەکو داتابەیسەکانی Health و ڕێکخستنەکانی Home و iCloud Keychain و تێپەڕەوشەکانی WiFi دەکرێنە کۆدی جۆری End-to-End، بەڵام پەڕگەکانی نێو iCloud Drive و وێنەکان ئەم جۆرە بە کۆد کردنە نایانگرێتەوە.

سەرچاوە The Verge9To5Mac
بۆچونی تۆ