ئۆتۆمبێل 22, تشرینی دووه‌م 2019

کۆمپانیای Tesla ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ـی بە نرخی دەستپێکی 39,900$ ـەوە ڕاگەیاند

لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، کۆمپانیای Tesla ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کارەبایی Tesla Cybertruck ـی بە نرخی دەستپێکی 39,900$ ـەوە ڕاگەیاند.

دیزاینی ئۆتۆمبێلەکە نوێ و ناوازەیە، بەڵام لە ڕاستیدا لە بارهەڵگر ناچێت. بە هەرحاڵ، بارهەڵگرە کارەباییەکە بە 3 بژاردەی مەودای 250 و 300 و 500 میلەوە بەردەست دەکرێت. ئیڵۆن مەسک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە وەکو هەموو جارێک، لەسەر سەکۆی نمایشکردنی ئەم بارهەڵگرە کارەباییە ئامادەبوو و بە بەردەوامی باسی لە بەهێزی و خۆڕاگری بارهەڵگرە کارەباییەکە دەکرد.

ئەمە توانای 3 جۆرەکەی بارهەڵگرە کارەباییە نوێیەکەی Tesla ـیە:

  • تاکە برزوێنەر. توانای بڕینی 250 میلی هەیە. توانای ڕاکێشانی 7,500 پاوەندی هەیە. توانای هەیە لە 0 بگات بە 60 میل لە 6.5 چرکەدا. نرخی 39,900$ ـە.
  • دووانە بزوێنەر. توانای بڕینی 300 میلی هەیە. توانای ڕاکێشانی 10,000 پاوەندی هەیە. توانای هەیە لە 0 بگات بە 60 میل لە 4.5 چرکەدا. نرخی 49,900$ ـە.
  • سیانە بزوێنەر. توانای بڕینی 500 میلی هەیە. توانای ڕاکێشانی 14,000 پاوەندی هەیە. توانای هەیە لە 0 بگات بە 60 میل لە 2.9 چرکەدا. نرخی 69,900$ ـە. ئەم جۆرە تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022 دەست بە بەرهەمهێنانی ناکرێت. تایبەتمەندی خۆلێخوڕ بەردەستە.

سەرجەم جۆرەکانی بارهەڵگرە کارەباییەکە توانای هەڵگرتنی 6 سەرنشینیان هەیە. لاشەکەی لە ماددەی ستیلی بێخەوشی 30X ـی پێچراوە درووست کراوە. بارهەڵگرە کارەباییەکە توانای هەڵگرتنی 3,500 پاوەندی هەیە و خاوەن شوێنێکی هەڵگرتنی بچووکە بە قەبارەی 100 پێ سێجا لە پشتەوە. درێژی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە 6.5 ئینجە.

لە ناوەوە، خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 17 ئینج لە ناوەڕاستدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کردارەکانی ئۆتۆمبێلەکە.

ئیڵۆن مەسک چەند ساڵێکی زۆری لە دیزاینکردنی ئەم بارهەڵگرە کارەباییەدا بەفیڕۆ دابوو. لە ساڵی 2012 ـەدا یەکەمین جریوەی کرد و ڕایگەیاند کە مەیلی هەیە بارهەڵگری کارەبایی درووست بکات. لە پاشانیش لە ساڵی 2017 ئاشکرایکرد کە Tesla بارهەڵگرە کارەباییەکە لە 12 بۆ 24 مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنێت.

هاوشێوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی دیکەی کۆمپانیاکە، ئەم ئۆتۆمبێلەش خاوەن تایبەتمەندی خۆلێخوڕ دەبێت، بەڵام پێویستە گرانترین جۆری ئۆتۆمبێلەکە بکڕیت و 7,000$ ـی دیکەی زیادە بدەیت بۆ بەدەستهێنانی تایبەتمەندییەکە.

لەسەر سەکۆ، دۆخەکە بە دڵی ئیڵۆن مەسک و هاوڕێکانی بەڕێوە نەچوون. یەکێک لە خۆبەخشەکانی کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی لەسەر شووشەی بارهەڵگرە کارەباییەکە ئەنجامدا لە ڕێگەی ئامرازێکی بەهێزەوە، ئامانج لە تاقیکردنەوەکە بۆ پیشاندانی بەهێزی شووشەی ئۆتۆمبێلەکە و نەشکاندنی بوو، بەڵام 2 جار تاقیکردنەوە کرا و هەر 2 جارەکە شووشەی ئۆتۆمبێلەکە شکا. لە پاشان ئیڵۆن بە شەرمەزارییەوە وتی: “ئامرازەکە شووشەکەی نەبڕی … لە تاقیکردنەوەکانی پێشووماندا شووشەکە تووشی شکاندن نەبووەوە”.

بەرهەمهێنانی بارهەڵگرە کارەباییەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 ـدا دەست پێدەکات. لە ئێستادا داواکاری پێشوەختە لە پەڕەی تایبەتی ئۆتۆمبێلەکە لە ماڵپەڕی Tesla بەردەستە و پێویستە بڕی 100$ بدەیت بۆ ئەنجامدانی داواکارییەکە.

لە کۆتایی نمایشکردنەکەدا، ئیڵۆن مەسک ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکەی ماتۆڕێکی کارەباییان درووست کردووە بە قەبارەی پشتەوەی بارهەڵگرە کارەباییەکە، هەروەها ماتۆڕەکە هێنرایە سەر سەکۆ. هیچ شتێک دەربارەی تایبەتمەندییەکانی، نرخ و بەردەستبوونی ماتۆڕە کارەباییەکە ڕانەگەیاندرا.

سەرچاوە The VergeEngadget
بۆچونی تۆ