
ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٠ی ١١ی ٢٠٢٥دا، گووگڵ بە فەرمی پەردەی لەسەر بەهێزترین مۆدێلی دروستکردنی وێنە لابرد کە ناوی “Nano Banana Pro”ـە. ئەم مۆدێلە نوێیە کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی مۆدێلی ژیری دەستکردی (Gemini 3 Pro) بنیات نراوە، وەک وەشانێکی پیشەیی و تەواوکاریی بۆ مۆدێلە پێشووەکان دێت و توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە تێگەیشتن لە داواکارییە ئاڵۆزەکان و گۆڕینیان بۆ وێنەی کوالیتی بەرز (2K و 4K). هەرچەندە ناوی فەرمی تەکنەلۆژیاکە “Gemini 3 Pro Image”ـە، بەڵام گووگڵ بڕیاریدا ناوە جەماوەرییەکە واتە “Nano Banana” بهێڵێتەوە کە بووەتە جێی سەرنجی بەکارهێنەران.
تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکەی ئەم وەشانە “Pro”ـیە بریتییە لە چارەسەرکردنی گەورەترین کێشەی مۆدێلەکانی پێشوو، ئەویش “نووسینی دەق”ـە لەناو وێنەدا. ئێستا ئەم مۆدێلە دەتوانێت بە وردی و بەبێ هەڵە نووسین و لۆگۆ لەناو وێنەکاندا دروست بکات بە چەندین زمانی جیاواز. جگە لەوەش، ئاستێکی بەرزی کۆنترۆڵی داوەتە دەست بەکارهێنەران، وەک دەستکاریکردنی گۆشەی کامێرا، گۆڕینی ڕووناکی (بۆ نمونە، گۆڕینی ڕۆژ بۆ شەو)، و پاراستنی شێوەی ڕوخساری کەسایەتییەکان (Character Consistency) کە ڕێگە دەدات هەمان کەس لە چەندین دیمەنی جیاوازدا وەک خۆی دەربکەوێتەوە بەبێ گۆڕانکاری.
مۆدێلە نوێیەکەمان تاقی کردەوە و زۆر نایاب کراوە، بەتایبەت لە نوسیندا. وەکو لە وێنەکەی خوارەوە دیارە بەبێ هیچ شێواویەک نوسینی کوردی زیادکردووە:
پێش دەستکاری

پاش دەستکاری

گۆڕینی دۆخی ڕۆژ بۆ شەو:

ئەم مۆدێلە نوێیە ئێستا لە ڕێگەی ئەپی Gemini و ستۆدیۆی AI گووگڵەوە بەردەستە. بەکارهێنەران دەتوانن لە نێوان دۆخی “Fast” (بۆ وێنەی خێرا) و دۆخی “Thinking” (کە ئەم مۆدێلە پیشەییەی “Pro” بەکاردەهێنێت) یەکێکیان هەڵبژێرن. گووگڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە تەنها ئامرازێک نییە بۆ خۆشی و چێژوەرگرتن، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزە بۆ دیزاینەران و دروستکەرانی ناوەڕۆک تا بتوانن بە وردەکارییەکی زۆرەوە دەستکاری بەشێکی دیاریکراوی وێنەکان بکەن بەبێ تێکدانی بەشەکانی تر.