10
ئەپ و نەرمەکاڵا 26, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

لە هەفتەی داهاتووەوە گووگڵ دۆخی Ambient Mode بۆ Google Assistant لە ئەندرۆید زیاد دەکات

لە مانگی 9 ـی ئەمساڵدا، کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دۆخێکی نوێ بە ناوی دۆخی Ambient Mode ـەوە بۆ یاریدەدەری دەنگی Google Assistant لە ئەندرۆید زیاد دەکات.

کاری دۆخەکە نیشاندانی ژمارەیەک زانیاری بەسوودە لەسەر ڕوونمای مۆبایل یاخود تابلێتەکەت لە کاتی بارگاویکردنەوە، هەروەها دەتوانیت لە ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی میوزیک و ئامێرە زیرەکەکانی ناوماڵ و ژمارەیەک کرداری زیاتری پێ بکەیت، وێنەکانی Google Photos و پیتەکان بە گەورەیی نیشان دەدات.

وتەبێژێکی کۆمپانیای گووگڵ بە پێگەی The Verge ـی ڕاگەیاند کە لە هەفتەی داهاتووەوە کۆمپانیاکە دەست دەکات بە بەردەستکردنی دۆخەکە بۆ یاریدەدەری دەنگی Google Assistant بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی سۆنی، نۆکیا، شاومی، Transsion و تابلێتەکانی Lenovo Smart Tab M8 HD و Yoga Smart Tab. تاوەکو ئێستا بەرهەمەکانی Pixel ـی گووگڵ و ژمارەیەک مۆبایلی کۆمپانیاکانی دیکە لە لیستەکەدا نین.

گووگڵ دەڵێت ئەو مۆبایلانەی کە پشتگیری لە دۆخی Ambient Mode ـی یاریدەدەری دەنگی Google Assistant دەکەن، پێویستە وەشانی Android 8.1 یاخود نوێتریان لەسەر جێگیر ببێت و خاوەن دواین وەشانەکانی ئەپی Google Search ببن.

ڕوون نییە کە دۆخەکە بۆ مۆبایلی دیکەی کارکردوو لەسەر ئەندرۆید لە داهاتوودا زیاد دەکرێت یاخود نا، بەڵام ڤیدیۆکەی سەرەوە دەڵێت کە تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکی قوڵ یەکخراوە و تایبەتمەندییەکی جێگیر نییە لە نێو وەشانی Android 10 ـدا، هەر بۆیە مەحاڵ نابێت کە بۆ ئامێری دیکەی کارکردوو لەسەر ئەندرۆید لە داهاتوودا زیاد بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ