10
ئەپڵ 30, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

ئەپڵ ماوەی ڕاگرتنی خزمەتگوزاری App Store Connect ـی تایبەت بە گەشەپێدەران بە هۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە ڕاگەیاند

ئەپڵ مافی فەرمانبەرانی پێشێل ناکات و وەکو زۆرینەی کۆمپانیاکانی دیکە، پشوو بە بۆنەوەی هاتنی ساڵی نوێوە بۆ فەرمانبەرانی دابین دەکات. ئەم پشووانەش دەبنە هۆکاری ڕاگرتنی خزمەتگوزاری App Store Connect ـی تایبەت بە گەشەپێدەران.

لە بڵاوکراوەیەکدا لە پەڕەی گەشەپێدەرانی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی 23 تاوەکو 27 ـی مانگی داهاتووی دیاریکردووە وەکو پشوو بۆ فەرمانبەرەکانی. لەو ماوەیەدا، هیچ ئەپێکی نوێ و نوێکراوەی گەشەپێدەران قبوڵ ناکرێن بە مەبەستی بڵاوکردنەوەیان لە کۆگای App Store ـدا. هەر بۆیە، کاری بەردەستکردنی ئەپە نوێ و نوێکراوە نێردراوەکان لە کۆگای App Store ـدا، دەخرێنە دوای ڕێکەوتە ئاماژەپێکراوەکە. ئەمە تەواوی کورتە بڵاوکراوەکەی ئەپڵە:

سەرقاڵترین وەرزی App Store خەریکە دێت! دڵنیا ببەوە لە دواین وەشانی ئەپەکەت و ئامادەبوونی بۆ پشووەکانی سەری ساڵ. هیچ ئەپێکی نوێ و نوێکراوە لە نێوان ڕێکەوتی 23 تاوەکو 27 ـی مانگی 12 قبوڵ ناکرێن، هەر بۆیە بڵاوکردنەوەی ئەپەکان لە کۆگای App Store ـدا دوا دەکەوێت. خزمەتگوزارییەکانی دیکەی App Store Connect و تایبەتمەندییەکانی هەژماری گەشەپێدەران لەو ماوەیەدا بەردەست دەبن.

ئەم ڕاگرتنە تەنها تایبەتە بە قبوڵکردنی ئەپە نوێ و نوێکراوەکان لە لایەن گەشەپێدەرانەوە، خزمەتگوزارییەکانی دیکەی ئەپڵ بە چالاکی دەمێننەوە لەو ماوەیەدا.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ