مایکرۆسۆفت 10, كانونی یه‌كه‌م 2019

مانگی داهاتوو مایکرۆسۆفت پشتگیری لە Windows 7 دەوەستێنێت و کۆمپانیاکە هەڵمەتی ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەرانی فراوانتر کرد

مایکرۆسۆفت لە ماوەی ڕابردوودا دەستیکردبوو بە ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەرانی Windows 7 دەربارەی وەستاندنی پشتگیری خۆیان لە سیستەمەکە لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوودا. ئێستا، وا دەردەکەوێت کە مایکرۆسۆفت هەڵمەتەکەی فراوانتر کردووە و دەیەوێت بە یەکجاری بەکارهێنەرانی سیستەمەکە کۆمپیوتەرەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ Windows 10.

مایکرۆسۆفت لە بڵاوکراوەیەکدا لە پەڕەی پاڵپشتی ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە نیشاندانی ئاگادارکەرەوەیەک بە پڕاوپڕی ڕوونما بۆ بەکارهێنەرانی Windows 7، کە تێیدا پێیان ڕادەگەیەنێت وەشانی ئامێرەکەیان نوێ بکەنەوە بۆ Windows 10 بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ جۆرە هاک و ڤایرۆسێک نەبنەوە، چونکە لە دوای ڕێکەوتی 14 ـی 1 ـی ساڵی داهاتووەوە، مایکرۆسۆفت هیچ نوێکارییەکی ئاسایشی ڕەوانەی وەشانی ناوبراو ناکات و بە یەکجاری پشتگیری خۆی لێ دەوەستێنێت.

ئەو ئاگادارکەرەوە پڕاوپڕ بە ڕوونمایەی کە مایکرۆسۆفت بۆ بەکارهێنەرانی Windows 7 ـی دەنێرێت، خاوەن 3 بژاردەی تایبەت بە بیرخستنەوە لە دواتر و زانیاری زیاتر و نیشان نەدانەوە بە یەکجاری دەبێت. لاناچێت تاوەکو یەکێک لە بژاردەکان هەڵنەبژێریت.

مایکرۆسۆفت ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا ڕایگەیاند کە لە دوای ڕێکەوتی 14 ـی 1 ـی ساڵی داهاتووەوە، بە یەکجاری پشتگیری خۆیان لە سیستەمی Windows 7 دەوەستێنن و پێشنیاز بۆ بەکارهێنەران دەکات تاوەکو وەشانەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ Windows 10. لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا وەشانی Windows 10 توانی Windows 7 تێپەڕ بکات لە ڕووی دامەزراندنی لەسەر زۆرترین ئامێرەکان و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی بەکارهێنەرانی Windows 10 بگات بە 1 ملیار بەکارهێنەر.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ