مایکرۆسۆفت 11, كانونی یه‌كه‌م 2019

مایکرۆسۆفت بە یەکجاری پشتگیری خۆی لە سیستەمی کارپێکەری Windows 10 Mobile ڕاگرت

لە کۆتایدا، دوێنێ (11-12) مایکرۆسۆفت ماڵئاوایی لە سیستەمی کارپێکەری Windows 10 Mobile کرد، چیدیکە نوێکاری ئاسایشی و چارەسەرکەر بۆ سیستەمەکە ڕەوانە ناکات. بەمەش سیستەمی Windows لەسەر مۆبایلەکان کۆچی دوایی کرد.

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە لەم مانگەدا بە یەکجاری پشتگیری خۆی لە سیستەمی کارپێکەری Windows 10 Mobile دەوەستێنێت و چیدیکە وەشانی ئاسایشی، چارەسەرکەر یاخود لاوەکی بۆ سیستەمەکە ڕەوانە ناکات و هەموو جۆرە پشتگیرییەکی لەسەر وەستاند.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی سیستەمەکە، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی تایبەتمەندییەکانی لە بەرامبەر سیستەمەکانی iOS و Android و گرنگی پێنەدانی گەشەپێدەران لە ڕێگای درووستکردنی ئەپڵیکەیشن بۆی، وە بەدەست نەهێنانی ڕەزامەندی بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان. سەرئەنجام، مایکرۆسۆفت بڕیارە ڕاستەکەی دا و کۆتایی بە سیستەمە کارپێکەرەکە هێنا.

بەڵام هەموو شتێک تاوەکو ئێستا کۆتایی پێ نەهاتووە. مایکرۆسۆفت تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی 2021 درێژە بە پشتگیری لە ئەپەکانی Word و Excel و PowerPoint و OneNote دەدات و وەشانی ئاسایشی و چارەسەرکەریان بۆ ڕەوانە دەکات. بەڵام لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە، ئەمەش بە کۆتا دێت. هەروەها بە بەکارهێنەرانی سیستەمەکە دەدات تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو زانیارییەکانیان پاشەکەوت بکەن و کۆگای داگرتنی ئەپەکانی سیستەمەکەش تاوەکو ماوەیەکی درێژ بە چالاکی دەمێنێتەوە.

مایکرۆسۆفت پێشنیاز بۆ بەکارهێنەرانی سیستەمە کارپێکەرەکە دەکات تاوەکو مۆبایلەکانیان بگۆڕن بۆ iOS یاخود Android.

مێژووی سیستەمی کارپێکەری Windows Phone دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 و لە لایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە گەشەی پێدرا. زنجیرەیەک وەشانی نوێی لێ بەردەستکرا و کۆتاهەمین وەشانی، Windows 10 Mobile بوو، کە لە ساڵی 2015 ـدا ئاشکرا کرا و وەشانی سەرەکی مۆبایلەکانی Lumia 950 و 950 XL و 550 ـی مایکرۆسۆفت و ژمارەیەک مۆبایلی دیکە بوو.

پرسیار؛ هەرگیز هیچ مۆبایلێکت بەکارهێناوە کە سیستەمی کارپێکەری Windows Phone ـی لەسەر جێگیر بووبێت؟ بۆچوونت چییە سەبارەت بە سیستەمەکە؟

بۆچونی تۆ