بە فەرمی مایکرۆسۆفت سەکۆی Xbox Series X ـی ڕاگەیاند
“خێراترین و بە تواناترین سەکۆ”
بە فەرمی، Xbox Series X ناوی سەکۆی داهاتووی Xbox دەبێت. کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ناو و دیزاینی سەکۆی داهاتووی Xbox ـی لە میانەی بەڕێوەچوونی بۆنەی Game Awards ـدا ئاشکرا کرد.
دیزاینی سەکۆی نوێی Xbox Series X زیاتر لە کۆمپیوتەرێک دەچێت نەوەک ئەو دیزاینەی کە لە نەوەکانی پێشووی سەکۆکەدا بینیبوومان. بە شێوەیەک دیزاین کراوە، تاوەکو لە باری ستوونی و ئاسۆییدا دابنرێت، بەڵام شیاوترە لە باری ستوونیدا دابنرێت. بەڕێز Phil Spencer بەڕێوەبەری بەشی Xbox لە مایکرۆسۆفت دەڵێت: “سەکۆی Xbox Series X چوار جار خێراتر کردارەکان ئەنجام دەدات بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.”
مایکرۆسۆفت لەسەر سەکۆی بۆنەکەدا یاری Hellblade 2 ـی لەسەر Xbox Series X تاقی کردەوە، کە یارییەکی نوێیە لە لایەن Ninja Theory ـەوە. لەو کاتەی تەنها مایکرۆسۆفت ناو و دیزاینی سەکۆکەی ئاشکرا کرد، ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەکی دیکەی ورد لەسەر تایبەتمەندییەکانی سەکۆ نوێیەکەیان ئاشکرا بکات.
سەکۆی نوێی Xbox Series X خاوەن پڕۆسێسەری AMD Zen 2 و Radeon RDNA دەبێت، هەروەها لە سەکۆکەدا مایکرۆسۆفت بیرگەی NVMe ـی جۆری SSD ـی بەکارهێناوە، بەمەش خێرایی بۆ چەند جارێک زیاد دەکات. سەکۆی Xbox Series X پشتگیری لە کارپێکردنی یارییەکان بە ڕوونی 8K دەکات و خێرایی نوێبوونەوەی 120fps ـە.
سەکۆی Xbox Series X خاوەن تەکنەلۆژیاکانی Auto Low Latency Mode و Dynamic Latency Input ـە، کە ئەمانە سەکۆکە دەکەنە خێراترین سەکۆی وەڵامدەری کاردانەوەکان لە نێو سەکۆیەکانی تایبەت بە یاریکردندا. پێگەی Spencer سەبارەت بە سەکۆکە دەڵێت: “دیزاین کراوە بۆ داهاتوو، هەروەها ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵاکانی پێکەوە بەستراون تاوەکو بە ئاسانی یاری نایابی بۆ درووست بکرێت.”
مایکرۆسۆفت ئەوەی ئاشکرا نەکرد کە ئاخۆ لە پلانیاندایە سەکۆیەکی دیکەی ئاست مامناوەند لە داهاتوودا بە ناوی Xbox Series X ـەوە ڕابگەیەنن یاخود نا، بەڵام هەبوونی Series لە ناوی سەکۆ نوێیەکەدا ئەوە نیشان نادات کە تەنها یەک دانەی لێ ڕابگەیەندرێت. زۆرێک پێگە چاوەڕێی مایکرۆسۆفتن تاوەکو دوو دانە سەکۆی دیکە بۆ زنجیرەی X بە تایبەتمەندی و نرخی کەمترەوە بەردەست بکات.
مایکرۆسۆفت ڕێکەوتی بەردەستکردنی Xbox Series X ـی بە دیاریکراوی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاند کە لە ساتەوەختێکی هاوینی ساڵی داهاتوودا بەردەست دەکرێت.
کارکردنی مایکرۆسۆفت لەسەر سەکۆی Xbox Series X لە ژێر ناوی Project Scarlett بووە، وە پێشووتر پشتڕاست کرابووەوە کە PlayStation 5 ناوی سەکۆی داهاتووی PlayStation دەبێت. مایکرۆسۆفت درووشمی “خێراترین و بە تواناترین سەکۆ” ـی بۆ Xbox Series X بەکارهێناوە، وا دیارە دڵنیان کە زۆر لە PlayStation 5 بە تواناتر دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا کۆمپانیای Sony دیزاینی سەکۆی PlayStation 5 ـی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەمە مایکرۆسۆفت ناوەستێنێت لە سەرسامکردنی هەمووان بە ڕەقەکاڵا نوێ و نایابەکانی.