ئەپ و نەرمەکاڵا 18, كانونی یه‌كه‌م 2019

خزمەتگوزاری YouTube Music لیستە تایبەتەکانی میوزیکی هاوشێوەی Spotify زیادکرد

یوتیوب دەستیکرد بە بەردەستکردنی ژمارەیەک لیستی تایبەتی میوزیک بۆ سەرجەم بەژداربووانی خزمەتگوزاری YouTube Music ـی تایبەت بە میوزیک.

لیستە تایبەتەکانی میوزیک ناویان Discover Mix و New Release Mix ـە، کە هاوشێوەی Discover Weekly ـی Spotify ـن. لە مانگی 9 ـی ئەمساڵدا ئەم دوو لیستە تایبەتانەی میوزیک بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەران بەردەست ببوون، ئێستا بۆ هەمووان بەردەستن. لیستی Discover Mix تایبەتە بە نیشاندانی میوزیکی ئەو گۆرانیبێژانەی کە هەرگیز گوێت لێ نەگرتوون یاخود کەمترین کات گوێت لێ گرتوون. کاتێک کە لیستە تایبەتەکەی Spotify خاوەن 30 میوزیک دەبوو و هەموو دووشەممانێک نوێ دەبووەوە، لیستی Discover Mix خاوەن 50 میوزیکە و هەموو چوارشەممانێک نوێ دەبێتەوە.

هەرچی دەربارەی لیستی تایبەتی میوزیکی New Release Mix ـە، خاوەن ئەو میوزیکانە دەبێت کە دڵخوازتن و دواین جارەکان گوێت لێ گرتوون، بە مانایەکی دیکە، ئەوانەی تێدا بوونی دەبێت کە YouTube Music وا دەزانێت دڵخوازترینتن. ئەم لیستە زیاتر وەکو Release Radar ـی Spotify ـییە، بەڵام لیستی Release Radar هەموو هەینییەک نوێ دەبووەوە، ئەم لیستی New Release Mix ـەی YouTube Music، خودکارانە لەگەڵ گۆڕانی خواستت بۆ میوزیکەکان نوێ دەبێتەوە.

لیستە تایبەتەکانی میوزیک لە خوار بەشی Mixed for you ـدا دەتوانرێت بدۆزرێنەوە و ئێستا بەردەستن بۆ سەرجەم بەژداربووان لە سەکۆیەکانی iOS و Android و تەنانەت وێبیش.

گووگڵ سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر خزمەتگوزاری YouTube Music ـی تایبەت بە میوزیکەکان، چونکە لەمەودوا ئەپێکی سەرەکییە لە سیستەمی Android 10 ـدا و جێگەی Google Play Music ـی گرۆتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ