سامسۆنگ 2, شوبات 2020

یەکەمین ڤیدیۆی زیندووی مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip دزەی پێکرا

چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەدا کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلێکی نوێی چەماوەیی نمایش بکات. لە ماوەی ڕابردووشدا زنجیرەیەک وێنە و زانیاری دزەپێکراو سەبارەت بە مۆبایلەکە بڵاوکرانەوە.

لە جریوەیەکدا، بەڕێز Ben Geskin، تایبەت بە بڵاوکردنەوەی دزەپێکراوەکان، کورتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەمە مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip ـە. لە ڤیدیۆکەدا، Geskin مۆبایلەکە دەکاتەوە و ڕوونما چەماوەییەکەی لە کاردا دەبێت، لە پاشان دایدەخاتەوە و لە بەشی پشتەوەیدا ڕوونمایەکی بچووک بە هەڵکراوی بەدی دەکرێت کە کاتژمێر نیشان دەدات.

ئەم ڤیدیۆ دزەپێکراوە بە ڕادەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش نییە، چونکە وێنە دزەپێکراوەکانی پێشووی مۆبایلە چەماوەییەکە، دەقاودەق هەمان دیزاینی ڤیدیۆکەیان ئاشکرا کردبوو بۆمان.

ڤیدیۆکە ڕوونی نەکردۆتەوە کە ئاخۆ بەرگی ڕوونمای مۆبایلەکە لە جۆری شووشە دەبێت تاخود پلاستیک، بەڵام زانیارییە دزەپێکراوەکانی پێشوو بۆ چەند جارێک جەختیان لەوە کردووە کە ڕوونماکەی لە جۆری شووشە دەبێت.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکە پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 855 Plus ـی لەسەر جێگیر ببێت و خاوەن ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 256 گێگابایت ببێت.

چاوەڕوان دەکەین کە مۆبایلەکە لە ڕێکەوتی 11 ـی ئەم مانگە و لەگەڵ نمایشکردنی مۆبایلەکانی Galaxy S20 ـدا، نمایش بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ