ئینتەرنێت 19, كانونی یه‌كه‌م 2019

ڕاژەکانی گووگڵ لەکارکەوتن و بوونە هۆی لەکارکەوتنی ژمارەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش

چەند کاتژمێرێکی کەم دەبێت کە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای گووگڵ بە هۆی هەبوونی کێشە لە ڕاژەکانیاندا لەکارکەوتوون، ئەمە هەر نەوەک بووەتە هۆکاری لەکارخستنی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ، بەڵکو ژمارەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی لەکارخستووە.

هەریەکە لە تۆڕەکانی فەیسبووک، ئینستەگرام، تویتەر و سناپ چات و هەندێکی دیکە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانیان لەدەست داوە و ناتوانن بە تەواوەتی لە لایەن بەکارهێنەرانەوە کار بکەن، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە ئەو تۆڕانە ژمارەیەک خزمەتگوزاری کۆمپانیای گووگڵ بەکاردەهێنن. سناپ چات یەکێکە لەو تۆڕانەی کە زۆرترین پشتی بە گووگڵ بەستووە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا بە تەواوەتی لەکارکەوتووە.

کێشەی لەکارکەوتنی ڕاژەکانی گووگڵ، بە شێوەیەکی چڕ بەکارهێنەرانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەوروپای گرتۆتەوە، هەرچەندە تەواوی کیشوەری ئەوروپا و بەشێک لە کیشوەری ئەمریکای باکور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بێبەش نین لەم کێشەیە.

ژمارەیەک بەکارهێنەر بە کاراکردنی VPN توانیویانە ڕزگاریان ببێت لە کێشەکە، ئەمەش وای دەردەخات کە بەشێکی ئەم کێشەیەی گووگڵ بە هۆی DNS ـی تۆڕەکەوە بێت.

بۆچونی تۆ