10
مۆبایل و تابلێت 20, كانونی یه‌كه‌م 2019

هواوەی جۆرێکی نوێکراوە لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە ڕوونمایەکی بەهێزترەوە بەردەست دەکات

ساڵی داهاتوو، کۆمپانیای هواوەی جۆرێکی نوێکراوە لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە ڕوونمایەکی بەهێزتر، تەوەرە و پڕۆسێسەرێکی باشترەوە بەردەست دەکات. بەڕێز Richard Yu بەڕێوەبەری گشتی هواوەی ئەم زانیارییانەی لە لێدوانێکی بۆ پێگەی Frandroid ـدا ئاشکرا کرد.

ئەم جۆرە نوێکراوەیەی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە دیارینەکراوی لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا بەردەست دەکرێت، هەروەها بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی وڵاتی چیندا بەردەست دەکرێت و یەکەم شوێنیش ئەوروپا دەبێت.

مانگی ڕابردوو کۆمپانیا چینییەکە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X ـی بە نرخی 2,400$ ـەوە لە ناوخۆی وڵاتی چیندا بەردەستکرد. مۆبایلەکە بە ڕووی پشتەوەدا دەچەمێتەوە و لەو کاتەدا وەکو دووانە ڕوونما ڕۆڵ دەگێڕێت. دیزاینی مۆبایلە چەماوەییەکە یەکێک بوو لە باشترینەکان لەو سەردەمەی کە مۆبایلە چەماوەییەکان سەریان هەڵدا.

شۆڕشی مۆبایلە چەماوەییەکان بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوامی دەبێت و گرنگترین مۆبایلی چەماوەیی Razr ـی مۆتۆرۆلا دەبێت کە بەردەست بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت سامسۆنگیش جۆر یاخود نەوەیەکی نوێ لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold نمایش بکات.

پێشبینی دەکرێت بەردەستکردنی ئەم جۆرە نوێکراوەیەی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X، لە میانەی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Huawei P40 ـدا بێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ