هەواڵ 25, كانونی یه‌كه‌م 2019

پێدەچێت وەنپڵەس مۆبایلێکی چەماوەیی لە کۆنگرەی OnePlus Concept One نمایش بکات

وا دیارە کۆنگرەی CES 2020 ـی مانگی داهاتوو خاوەن گڕوتینێکی تایبەت دەبێت، چونکە بە دەیان کۆمپانیا بەرهەمە تەکنەلۆژییە ناوازەکانیانی تێدا نمایش دەکەن. کۆمپانیای وەنپڵەسی چینیش لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە بۆنەیەکی تایبەت لە ژێر ناوی OnePlus Concept One لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی CES 2020 ـدا ئەنجام دەدات.

تاوەکو ئێستا کەس نازانێت کە کۆمپانیای وەنپڵەس چ بەرهەمێک لە بۆنە تایبەتەکەیدا نمایش دەکات، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە پێگەی The Korea Herald ـی ڕاگەیاندبووە کە ڕەنگە وەنپڵەس مۆبایلێکی چەماوەیی لە بۆنە تایبەتەکەیدا نمایش دەکات. بەداخەوە، ناوەڕۆکی ئامێرەکە بە نادیاری ماوەتەوە، نازاندرێت ئامێرێکی هاوشێوەی تابلێت و بەرهەمەکانی Samsung Galaxy Fold و Huawei Mate X دەبێت، یاخود بە تەواوەتی مۆبایلی چەماوەیی دەبێت هاوشێوەی Motorola Razr 2019.

لە ئێستادا ئەمە وەکو تێڕوانینێک چاوی لێ دەکرێت و پێدەچێت مۆبایلی چەماوەیی نمایش نەکرێت لە لایەن وەنپڵەسەوە. بەڵام، خۆشحاڵانە ڕێکەوتی کۆنگرەکە زۆری نەماوە، هەر بۆیە زۆر لە چاوەڕوانیدا نامێنینەوە.

وا بڕیارە بۆنەی OnePlus Concept One لە ڕێکەوتی 7 ـی مانگی 1 ـدا لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ