سامسۆنگ 4, كانونی دووه‌م 2020

نافەرمی: ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Unpacked 2020 بۆ نمایشکردنی Galaxy S20 ئاشکرا کرا

کۆنگرەی داهاتووی Unpacked ـی سامسۆنگ بۆ ڕاگەیاندنی نوێترین مۆبایلەکانی زنجیرەی Galaxy S و ژمارەیەک ئامێری دیکە زۆر نزیکە تاوەکو ئەنجام بدرێت. بۆ یەکەمجار، بە شێوەیەکی نافەرمی ڕێکەوت و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Unpacked ـی ئەمساڵ ئاشکرا کرا.

بە پێی ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی هەژماری فەرمی Samsung Korea بێت لە پێگەی Vimeo، کۆنگرەی Unpacked 2020 بۆ نمایشکردنی Galaxy S20، لە ڕێکەوتی 11 ـی مانگی داهاتوو (2) ـدا لە شاری سان فڕانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

ئەگەر زۆر لە ڤیدیۆکە ورد ببینەوە، لە پاش تەواوبوونی و نیشاندانی نووسینی Galaxy، لاکێشە و چوارگۆشەیەک دەردەکەوێت لەسەر نووسینەکە. دەگوترێت لاکێشەکەی دەستە چەپ ئاماژەیە بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی Galaxy S20 Ultra، یەکێک لە جۆرەکانی Galaxy S20، هەروەها چوارگۆشەکەی دەستە ڕاستیش ئاماژەیە بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold 2، کە مۆبایلێکی هاوشێوەی Motorola Razr 2019 دەبێت.

پڕوپاگەندەکان دەڵێن مۆبایلە نوێیەکانی Galaxy S20 ناویان Galaxy S20 و +Galaxy S20 و Galaxy S20 Ultra دەبێت و پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 و Exynos 990 ـیان لەسەر جێگیر دەبێت. هەروەها ڕەنگە جۆری S20 Ultra کامێرا سەرەکییەکەی لە پشتەوە ڕوونی 108 مێگاپێکسڵ ببێت.

زیاتر لە مانگێکمان ماوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە، بێگومان سامسۆنگیش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ