ئامێرە هەمەجۆرەکان 6, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Samsung تەختەکلیلێکی نادیاری بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردەوە درووستکرد

هەموومان لە هەموو کاتێک زیاتر لەم سەردەمەدا مۆبایلەکانمان بەکاردەهێنین، بەڵام نووسینی نامەیەک یاخود ئیمەیڵێکی دوور و درێژ لە مۆبایل زۆر بە خاوی تێدەپەڕێت وەک لە نووسینی بە تەختەکلیلێکی ڕاستەقینە/فیزیایی. وا دیارە Samsung لە ڕێگەی تایبەتمەندی ژیری دەستکرد (AI) ـەوە، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات.

کۆمپانیای Samsung لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 لەم هەفتەیەدا، تەکنەلۆژیایەکی نوێ بە ناوی SelfieType نمایش دەکات، کە بە تەواوی تەختەکلیلێکی نادیارە و لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت نووسینەکان بنووسرێن. تەکنەلۆژیاکە تایبەتە بە مۆبایل و کامێرای پێشەوە بەکاردەهێنێت بۆ درووستکردنی تەختەکلیلی نادیار. وا دیارە تایبەتمەندییەکە Machine Learning ـیش بەکاردەهێنێت بۆ کارکردن بە شێوەیەکی درووست.

گەشەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیایە بەشێک بووە لە پڕۆگرامی C-Lab ـی کۆمپانیاکە، تایبەت بە درووستکردنی بەرهەمە تەکنەلۆژییە نامۆکانی ناو ماڵ. هێندە زۆر دەربارەی ئەم تایبەتمەندییەی SelfieType ـی Samsung نازانین، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێک و پێک کار بکات، دەبێتە ئامرازێکی نایاب و پێویست.

مادەم کۆمپانیاکە ئەم تەکنەلۆژیایە لە پێشانگای CES 2020 لەم هەفتەیەدا نمایش دەکات، ئەوکات بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تەکنەلۆژیایەی سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا.

لەبەر ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە کامێرای پێشەوە بەکاردەهێنێت، ڕەنگە بۆ کەمێک بێت بەدوورمان بخاتەوە لە هەڵگرتنی کەلوپەلە زیادەکان بۆ ئەنجامدانی چەند کارێکی کەم. بەڵام بێگومانین لەوەی کە لە سەرەتادا هەندێک ئاستانگ درووست دەکات بۆ بەکارهێنان، لەوانە وەکو ئەستەم دۆزینەوەی شوێنی دوگمەکان.

بە پەرۆشین بۆ ئەم تەکنەلۆژیا نایابە. بۆ چەند ساڵێکی زۆرە ئەندازیاران هەوڵی درووستکردنی جێگرەوەیەک دەدەن بۆ تەختەکلیلە فیزیاییەکان، ڕەنگە سامسۆنگ ئەم بەربەستە بشکێنێت.

با بزانین ئەم تەکنەلۆژیایە چ ئەنجامێکی دەبێت. هەرکات سامسۆنگ تەختەکلیلی نادیاری SelfieType ـی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی بابەتێکی تایبەتەوە وردەکارییەکانتان دەخەینە بەردەست.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ