کۆمپیوتەر 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Lenovo یەکەمین لاپتۆپی چەماوەیی بە ناوی Lenovo ThinkPad X1 Fold ـەوە نمایشکرد

ساڵی پار کۆمپانیای Lenovo نموونەیەکی یەکەمین لاپتۆپی چەماوەیی جیهانی لە پێشانگای CES 2020 ـدا نمایشکرد، درەنگانێکی دوێنێ شەو (بە کاتی هەولێر) کۆمپانیاکە لە پێشانگای CES 2020 ـدا، یەکەمین لاپتۆپی چەماوەیی بە ناوی Lenovo ThinkPad X1 Fold ـەوە نمایشکرد.

لاپتۆپە چەماوەییەکە وەها گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە لە چاو لەو نموونەیەی پار ساڵ کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، تەنها ئەوە نەبێت کە هەستەوەری ئاسایشی Windows Hello ـی بۆ زیاد کراوە. خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 13.3 ئینج لە جۆری OLED و بە وردی نیشاندانی 2048 بە 1536 پێکسڵ و چێوەی 4:3. ڕوونماکەی توانای هەیە بچەمێتەوە و لە حاڵەتی چەمانەوەیدا قەبارەکەی دەبێتە 9.7 ئینج و بەقەد قەبارەی ئایپادێکی ئەپڵی بە نزیکەیی لێ دێت.

کۆمپانیای LG Display پانێڵی ڕوونمای ئەم لاپتۆپە چەماوەییەی دابین کردووە. سەبارەت بە خۆڕاگری ڕوونماکەی، کۆمپانیای Lenovo جەختی لەوە کردەوە کە ڕوونماکەی بە ژێژەیەکی زۆر لە بەشەکانی دیکەی ئامێرەکە خۆڕاگرترە.

لاپتۆپی چەماوەیی Lenovo ThinkPad X1 Fold بە سیستەمی کارپێکەری Windows 10 Pro ـی تایبەت بە کۆمپیوتەرە چەماوەییەکان کار دەکات، بەمەش Lenovo ڕزگاری بوو لەو حاڵەتەی کە چۆن سیستەمی کارپێکەر لەگەڵ ئەم لاپتۆپە چەماوەییەدا بگونجێنێت. جێگای ئاماژە پێکردنە، سیستەمی Windows 10 Pro وەشانێکە لە سیستەمی Windows 10X کە مایکرۆسۆفت لە هاوینی پار ساڵدا تایبەت بە کۆمپیوتەرە چەماوەییەکان ڕایگەیاند.

دەتوانرێت تەختەکلیلە بێوایەرەکان لەگەڵ لاپتۆپە چەماوەییەکەدا پەیوەست بکرێن و بەکاربهێندرێن. سەبارەت بە پاترییەکەی، تاوەکو 11 کاتژمێر بەرگەی بەکارهێنانی بەردەوام دەگرێت.

ئەمانە هەموو زانیارییەکانن کە لەبەر دەستتدان، وردەکارییەکانی ڕەقەکاڵاکانی تاوەکو ئێستا نەزاندراون. لاپتۆپی چەماوەیی Lenovo ThinkPad X1 Fold لە ناوەڕاستەکانی ئەمساڵدا بە نرخی دەستپێکی 2,499$ ـەوە بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ