مۆبایل و تابلێت 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای OnePlus مۆبایلی OnePlus Concept One ـی بە کامێرای شاردراوەوە نمایشکرد

پێشووتر دەمانزانی کە کۆمپانیای OnePlus مۆبایلێک بە ناوی OnePlus Concept One لە ئەمڕۆدا نمایش دەکات. لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای OnePlus مۆبایلی OnePlus Concept One ـی بە کامێرای شاردراوەوە نمایشکرد.

ئەم مۆبایلە نوێیەی OnePlus خاوەن تەکنەلۆژیایەکی نوێیە، کە تاوەکو ئێستا لە مۆبایلەکاندا بەکارنەهاتووە، ئەویش کامێرا شاردراوەکانیەتی. کامێراکانی پشتەوەی توانایان هەیە بە هۆی جۆرە شووشەیەکی نوێوە نادیار ببن و بشاردرێنەوە، بە شێوەیەک کە لە کاتی کردنەوەی ئەپی Camera ـدا، شووشە ڕوون دەبێتەوە و کامێراکان بە ئاشکرایی بەدیار دەکەون، بەڵام لەگەڵ داخستنەوەی ئەپەکەدا شووشەکە تاریک دەبێت و کامێراکان دیار نامێنن.

 

کۆمپانیا چینییەکە بە درێژایی کۆنگرەکە بە تەنها باسی ئەم تایبەتمەندییەی کرد، کە بە تەواوی وەکو جوانکاری وایە و تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بۆ بەردەستبوون. لە ڕاستیدا، تاکە جیاوازییەکی دیکەی ئەم مۆبایلە، دیزاینە نوێیەکەی پشتەوەیەتی کە خاوەن ڕەنگێکی پڕتەقاڵییە بە ناوی Papaya Orange و لە لایەن کۆمپانیای McLaren ـەوە بەرهەمهێندراوە، بە هۆی ماددە PVD ـە ئەلەمنیۆمییەکەوە تۆخ و ڕەنگ ئاڵتونی دەردەکەوێت.

وا دەردەکەوێت کۆمپانیای OnePlus مەبەستی لە درووستکردنی ئەم تەکنەلۆژیای شاردنەوەی کامێرایانە بۆ بەکارهێنانی کامێرای زیاتر بۆ پشتەوەی مۆبایلەکان بێت بە بێ ئەوەی کار لە شێواندنی دیزاینی خودی مۆبایلەکە بکات. تایبەتمەندییەکی جوانە و ڕەنگە پێشوازییەکی باشی لێ بکرێت.

ئەم مۆبایلە تەنها نموونەیەک بووە و کۆمپانیاکە نمایشی کرد، ڕەنگە هەرگیز بەردەست نەکرێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە OnePlus دەڵێت بەردەوام دەبن لە وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئەو تەکنەلۆژیای شاردنەوەی کامێرایانە بەر لەوەی تەکنەلۆژیاکە لەسەر مۆبایلێک جێگیر بکەن و بەردەستی بکەن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ