سامسۆنگ 9, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Samsung دڵنیا نییە لەوەی کە چەند یەکەیان لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold فرۆشتووە

لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر ئەوەی بەڕێز Young Sohn، ئەندامی باڵای کۆمپانیای Samsung، بە هەڵە ڕایگەیاند کە 1 ملیۆن یەکەیان لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold فرۆشتووە، کۆمپانیاکە ئامارێکی جیاوازتری لە پێشانگای CES 2020 ڕاگەیاند.

بەڕێز DJ Koh، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای Samsung ـی کۆری، لە وەڵامێکیدا بۆ پێگەی Yonhap News Agency ـی کۆری لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، ڕایگەیاند:

توانیومانە تاوەکو ئێستا 400,000 بۆ 500,000 یەکە لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold بفرۆشین.

ئەم ڕاگەیاندراوەی بەڕێز Koh، بە بێ دیاریکردنی ژمارەیەکی دیاریکراوی فرۆشی مۆبایلە چەماوەییەکە بوو، وا دیارە فرۆشی مۆبایلەکە لە 500,000 ـەوە نزیک بووە، بۆیە نەیویستووە بە دیاریکراوی ڕایبگەیەنێت. بەڵام، ئەمە جێگەی گومانە، چونکە بەڕێوەبەری گشتی لە هەموو ئەندامانی کۆمپانیاکە زیاتر زانیاری دەربارەی کۆمپانیاکەی دەزانێت وەک لەوەی کە وەها بە نا دڵنیایی بڵێت “400,000 بۆ 500,000 یەکە”.

کۆمپانیای Samsung لە پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە ئامانجیان لە ساڵی 2019 ـەدا ئەوە بوو کە نیو ملیۆن یەکە لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold بفرۆشن، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان 400,000 و 500,000 هەیە و وا دیارە کۆمپانیا کۆرییەکە ئامانجەکەی نەپێکاوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، بەڕێز Young Sohn، ئەندامی باڵای کۆمپانیای Samsung، ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکە توانیویەتی 1 ملیۆن یەکە لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold بفرۆشێت، بەڵام بە زوویی کۆمپانیاکە ئەمەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە Young Sohn بە هەڵە ئەو ژمارەیەی گوتووە.

بە هەرحاڵ، فرۆشتنی 400,000 بۆ 500,000 لە مۆبایلێکی چەماوەیی 2,000$ ـی زۆرە و مایەی نیگەرانییەکی وەها نییە بۆ کۆمپانیا کۆرییەکە.

لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێکی زۆر بەسەر دواخستنی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold بە هۆی هەندێک کێشەی لە ڕوونماکەیدا، کۆمپانیا کۆرییەکە لە مانگی 9 ـی ساڵی ڕابردوودا بەردەستی کرد بۆ فرۆشتن، لە کاتێکدا کە دەبووایە لە مانگی 4 ـی هەمان ساڵ بە تەواوەتی بەردەست بکرایە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ